سەرۆککۆمار و نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ چەکدارانی داعش بەپێویست دەزانن

عیراق

20/02/2020‌ 139 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆككۆماری عێراق و تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبوونەوە و هەردوولا دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایكردنی چەكدارانی داعش بەپێویست دەزانن. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە د. بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە کەریم خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بەلێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەمیانی دیدارەکەدا باس لە هەوڵەکانی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بەسزادانی چەکدارانی داعش لەو تاوانانەی کە دەرحەق بە دانیشتوانی سەرجەم شارە جیاجیاکان پێش ڕزگارکردنی ئەنجامیانداوە کرا.

جەختیشكرایەوە لەگرنگی هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش سەبارەت بەبنەبڕکردنی تیرۆرو وشککردنی سەرچاوەی داهاتی گروپە تیرۆرستییەکان کە دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ بەرجەستەکردنی ئاسایش و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی.