بەرهەم ساڵح: پێویستە هەلی کاری یەکسان بۆ عێراقیەکان فەراهەم بکرێت

عیراق

23/02/2020‌ 394 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ  لەگەڵ  سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی کۆبووەوە و جەختی لەوەكردەوە، پێویستە هەلی کاری یەکسان بۆ عێراقیەکان فەرهەم بکرێت. 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی  سەرۆككۆمار بڵاویكردەوە،" د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ ی ٢ ی ٢٠٢٠ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد، لە سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی مەحمود محەمەد عەبد و شاندی یاوەری".

باسیلەوەشكردووە، "لە دیدارەکەدا سەرۆككۆمار جەختی لە گرنگی رۆڵی ئەنجومەنەکە کردەوە، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی کارمەندانی دەوڵەت و بەرەوپێشبردن و ڕەخساندنی هەلی یەکسان لە دامەزراندنی هاووڵاتیان و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و زامنکردنی بنەمای یەکسانی لە دامەزراندندا.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە، "هەروەها دووپاتی لە پێویستی پێشخستنی دامەزراوەی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیکەری خزمەتی دەوڵەت و بەرەوپێشبردنی توانای کارمەندانی خزمەتی گشتی و کارکردن بۆ چەسپاندنی چاکسازی لەدامەزراوەکان و دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ بێکاران و فەراهەمکردنی چاودێری کۆمەڵایەتی گونجاو بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کردەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، "هەر لەدیدارەکەدا سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە باسیان لە کاروچالاکییەکانی ئەنجومەنی خزمەت و ئەو دەستکەوتانە کرد کە بەدەست هاتووە لە بەرزکردنەوەی پەیکەری خزمەتی دەوڵەتدا، بەجۆرێک لەگەڵ بەرەوپێشچونی جیهان لە بوارەکانی کار و ئابووریدا بگونجێت".