ئەمریكا لەپرسی ئیدلبدا توركیا نائومێد دەكات

جیهان

26/02/2020‌ 1999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بەدووریزانی ئەمەریكا بەهۆی ئەو شەر و ئاڵۆزییانەی لەناوچەی ئیدلبی باكووری رۆژئاوای سوریادا هەیە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "پاتریۆت " بۆ یارمەتیدانی توركیا بجوڵێنێت، ئەوە لەكاتێكدایە توركیا بەفەرمی ئەو داواكارییەی ئاڕاستەی واشنتۆن كردووە.

ئەو بەپرسەی پنتاگۆن، كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە كەناڵی "حوڕڕە"ی ئەمەریكی راگەیاندووە، كە توركیا خەریكە هەست بەوە دەكات روسیا ئەو هاوبەشە نییە، كە پشتی پێ ببەسترێت، بۆیە ئەنقەرە بەمزووانە بۆی ئاشكرا دەبێت، كە گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" لەگەڵ مۆسكۆ  كاریگەر نییە.

بەرپرسە ئەمەریكییەكە لەدرێژەی قسەكانیدا رایگەیاندووە، واشنتۆن هەست لە گرنگی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی لەگەڵ توركیا تێدەگات، بەڵام هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەهەر ململانێیەكی ناوخۆیی سوریا یارمەتی توركیا نادات، بەوپێیەی ئەو بە كێشەیەكی دوولایەنە سەیر دەكات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو خەلووسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، ئەمەریكا سیستەمی بەرگری "پاتریۆت" رەوانەی سنوورەكانی باشووری توركیا دەكات، بەتایبەت دوای كوژرانی چەند سەربازێكی توركی لە هێرشێكی سوپای سوریا بۆ سەر هێزەكانی توركیا لە ناوچەی ئیدلب.

ئاكار بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن  تورك"ی راگەیاندووە مەترسی هێرشی موشەكی و ئاسمانی لەسەر وڵاتەكەمان هەیە، بۆیە رەنگە لەڕێگای پاتریۆتەوە پشتیوانی بكرێین، لەهەمان كاتیشدا هەر جۆرە پشتیوانییەكی وشكانی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە بەدوور زانی.

هەڵكشانی گرژی و رووبەرووبوونەوەكانی ئەم دوایەی نێوان توركیا و دیمەشق  ڕاددەی لەیەكترزانی نێوان توركیا و روسیای زیاد كردووە، كە لە شەڕ و ململانێكانی سوریادا توركیا پشتیوانی میلیشیا توندرەوەكان دەكات و روسیاش پشتیوانی رژێمی سوریا دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی