د.گۆران عەبدوڵا: ئەگەر وەزارەتى تەندروستى دوێنى ئامێرى پشکنینى پێگەیشتووە چۆن دەڵێت کۆرۆنا لە هەرێم نییە

کوردستان

26/02/2020‌ 3581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سازدانى هێرش بەرزنجی
د. گۆران عەبدوڵا پسپۆڕ لە سیستەمى تەندروستی نێودەوڵەتى لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ "شارپرێس"دەڵێت، تا ئێستا هیچ چارەسەرێک نییە کە ریکخراوی تەندروستى جیهانى ناساندبێتى بۆ چارەسەرکردنى ڤایرۆسەکە.

شارپرێس: دکتۆر رێنماییەکانى خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە چییە؟
د. گۆران عەبدوڵا: پێویستە خەڵک زوو زوو دەستیان بشۆرن، کاتێک دەست بۆ دەم و لوتیان دەبەن دەستیان بشۆرن، نەچنە شوێنى قەرەباڵخەوە کە چوون دەمامک ببەستن، هەروەها ککاتێک لەگەڵ یەکێک دادەنیشیت یان دەوەستى پێویستە مەترێک بەینتان هەبێت، ئەوکەسانەى کۆکەو هەڵامەتى بێت پێویستە نەچێتە ناو خەڵکەوە، ئەو کەسانەى کە کۆکەو هەڵامەت و تەنگە نەفەسی هەیە بە زووترین کات بچێتە نەخۆشخانە، میوەو سەوزە زیاتر بخوات و ئاویش زۆر بخواتەوە.

شارپرێس: کێن ئەو کەسانەى کە ئەگەرى توشبوونیان هەیە؟
د. گۆران عەبدوڵا: بەتەمەنەکان و ئەو کەسانەى کە نەخۆشی وەک شەکرەو دڵ و خوێن و هەندێ نەخۆشى دیکەیان هەیە، پێویستە زۆر بە وریایەوە مامەڵە بکەن و لەژێر چاودێرى پزیشکدا بن.

شارپرێس: چارەسەر چییە بۆ کەسێک کە تووشى ئەو ڤایرۆسە دەبێت؟
د. گۆران عەبدوڵا: لە راستیدا تا ئێستا هیچ چارەسەرێک نییە کە ریکخراوی تەندروستى جیهانى ناساندبێتى بۆ چارەسەرکردنى ڤایرۆسەکە، ئەوەى دەوترێت هەندێکى قسەو قسەڵۆکەو هەندێکیشى بۆ ریکلامى بازرگانی و خۆ دەوڵەمەند کردنە، بەڵام بەشێکیشى راستى تێدایە، چونکە لەژێر تاقیکردنەوەدایە، هێشتا توێژینەوەى لەسەر نەکراوە بەتەواوەتى،بۆیە ناتوانم بڵێم فڵانە دەرمان باشە یان خراپە، چونکە ئێمە پشت دەبەستین بە ریکخراوی تەندروستى جیهانى تا ئەو رێکخراوە نەڵێت ئەو دەرمانە باشە ناتوانین لە خۆمانەوە هیچ بڵێین.

شارپرێس: هەندێک باسى ئەوە دەکەن کە پێوست ناکات دەمامک بەکاربهێنن بۆ رێگرى لە ڤایرۆسە ئەو دەمامکە هیچ کاریگەرى هەیە؟
د. گۆران عەبدوڵا: پێش هەموو شتێک هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان دەمامکەکاندا، ئەوەى لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە کە گوایە جۆرێکى باشەو جۆرێکى ترى خراپە هیچ راست نییە، ئەوە کۆمەلێک بازرگان دەیکەن بۆ ئەوەى زۆرترین قازانجى دارایی کۆبکەنەوەو خۆى دەوڵەمەند بکەن، ئەوانەى کە پڕۆفیشناڵن ئەوانەن کە لەنەخۆشخانەکاندا هەن یان بۆ پزیشک لەکاتى زۆرى حاڵەىتەکاندا سودى هەبێت، ئەو کەسانەى کە کۆکەو پژمەو بەڵغەمیان هەیە باشترە بەکارى بهێنن بۆ ئەوەى بڵاوی نەکەنەوە لەناو خەڵکدا، ئەو کەسانەى ئەو حاڵەتانەى نەبێت و تەندروستى باش بێت پێویست ناکاتە دەمامک ببەستێت ئەگەر ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکات کە ئێمە بڵاومان کردوەنەوە، بەپیچەوانەوە ئەگەر کەسێک کۆکەو پژمەو بەڵغەمى نەبێت و ساغ بێت رەنگە ماسکەکە بێتە خۆى کۆکردنەوەى کۆمەلێک ڤایرۆ و پیسى لە کەسەکە کە رەنگە ببێتە هۆى سەرچاوەى گواستنەوەى نەخۆشییەکە.

شارپرێس: ئەوەى بینیومانە ئەو کەسانەى لە ژێر چاودێریدان لەلایەن کەس وکاریانەوە سەردانى دەکرین بێئەوەى دەمامکیان بەستبێت و رەچاوى رێنماییەکان بکەن ئەوە مەترسى گواستنەوەو بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسەکەى نییە؟
د. گۆران عەبدوڵا: منیش ئاگادارى ئەوەم ئەمە تەنیا لە سلێمانى نییە لەناوچەکانى هەولێرو سلێمانى و دهۆکیش روویداوە بەداخەوە، ئەوانەى کە جیاکراونەتەوەو چاودێری دەکرێن گرنگ نییە لە کوێ دادەنرێن ئەوەى گرنگە کە ئەو شوێنە کراوە نەبێت و نزیک نەبێت لە شوێنى قەرەباڵخیەوە، بۆنموونە لە سلێمانى خەڵکانێکیان جیاکردوەتەوە نزیکە لە زانکۆى سلێمانییەوە بەراستى ئەوە شوێنێکى گونجاو نییە، ئەگەر یەک کەس لەو کەسانە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکە بێت بێتە دەرەوە یان تێکەڵ بەکەسانى دیکە بێت یەکسەر بڵاودەبێتەوە، ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە کەرتى تەندروستى و ئیدارەدانى لە هەرێمى کوردستان زۆر سەقەت و دواکەوتووە،چونکە تۆ بۆچى خەڵک جیا دەکەیتەوەو لە هۆتێڵێکدا دایدەینێت بۆ ئەوەى تێکەڵ نەبێت، جا ئەگەر هەر خەڵک بچێتە لایانە ئەمە چۆن دەبێت، ئەمە پاراستن  و رێگرى نییە.

شارپرێس: وەزارەتى تەندروستى دەلێت دوێنێ ئامێرى پشکنینى ڤایرۆسەکەیان بەدەست گەیشتووەو دایان ناوە ئەی پێشتر چۆن دەیانوت هیچ حاڵێتێک لە هەرێم تۆمار نەکراوە؟

د. گۆران عەبدوڵا: هەموو ئەو راگەیەنراوەو رونکردنەوانەى وەزارەتى تەندروستى هەتا دوێنێ و گەیشتنى ئامێرى پشکنینەکە هیچى راست نییەو تەنیا چەواشەکردنى خەڵک بووە، ئەگەر لەم وڵاتەدا یاسا سەروەر بێت و رێز لە مرۆڤ بگیرێت وەزیرى تەندروستى و وەزارەتەکەى بدرێن بە دادگا لەسەر ئەو پۆست و پلانە بەکاردەهێنن بۆ چەواشەکردنى خەڵک،چونکە بەبێ پشکنینى تاقیگەیی و نەبوونى ئەو ئامێرە کە بەدەستیان گەیشتووە ناتوانی بڵێیت نەخۆشییەکە لە کوردستاندا نییە، چۆن وەزارەتى تەندروستى روونکردنەوە لەدواى روونکردنەوە بڵاودەکاتەوە دەلێت ڤایرۆسەکە نییە، بەچى بەڵگەیەک دەلێن بوونى نییە.