چی دەزانیت دەربارەی هاوپەیمانی نێوان كۆرۆنا و گەندەڵی؟

مەلەفی تایبەت

15/03/2020‌ 2114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خۆپیشاندەرانی نێو ناڕەزایەتییەكانی وڵاتە عەرەبییەكان هیوا دەخوازن چینییەك لە شاری وهان لە كۆبوونەوەی حكومەتەكانیان پژمەیەك بكات و كۆتایی بەهەموو شتێك بهێنێت.

بازنەیەكی رەش دەوری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە لەگەڵ هەڵكشانی ئەوەی لە لوبنان بە شۆرش دەناسرێت و لە عێراق بە ڕاپەڕین و لە جەزائیر بە گۆڕانكاری.

بەڵام تەنیا چینیەك نەپژمی، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوپەیمانی لەگەڵ سیستەمە گەندەڵ و سەركوتكەرەكاندا بەست و گورزێكی كەمەرشكێنی لە جوڵانەوە ناڕازیەكان سرەواند و دەسەڵاتداران رێكاری جۆراوجۆریان گرتە بەر بۆ قەدەغەكردنی كۆبوونەوەی جەماوەری، دەسەڵاتدارانی لوبنان هات و چۆیان قەدەغەكرد بە سود وەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

جوڵانەوەی ناڕەزایەتیش لەعێراق لە مانگی پێنجەمیدا بەرەو خاوبوونەوە رۆیشتووە، لەگەڵ هەڵكشانی ترس لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ئەو ڤایرۆسەی گەندەڵەكانی نەترساندوەو رێگەی لێنەگرتووە لە بەستنی گرێبەست و پێدانی بەرتیل و سەركوتكردنی جوڵانەوەی ناڕەزایەتی و فڕاندن و دەستگیركردنی چالاكوانان.

جیاوازییەكە، دەوڵەت بە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ماندوبووە و خورافاتی ئاینی و قسەی خەڵكی بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتاكە بڵاودەكرێتەوە، كەچی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە پەتایەكی گشتگیری ناساندووە و زەنگی ئەوەی لێداوە، كە لە ئایندەدا خراپتر دەبێت، جیهانیش تا ئێستا دەستەوەستانە لە بەرانبەر گەمارۆدانیدا، كە لەگەڵ ئەوەی هەزارەها كەس چاك بوونەتەوەو مەترسییان تێپەڕاندووە.

هەروەها لەگەڵ هاتنی سێزدەمین هەینیدا، لە بڵاوبوونەوەی پەتا گشتگیرەكە، بۆرسەی جیهانی پاشەكشەیەكی خوێناوی بەخۆیەوە بینی و پێنوێنەكانی بە رەنگی سور بەرەو خوار نیشانداوە.

كۆمپانیا زەبەلاحەكانیش ملیارەها دۆلار زیانیان بەركەوتووە و دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆی هەرەسهێنانی بازارەكان، كۆرۆناش هێرشی بۆ سەر جیهان هێناوەو لاوازەكان دەكوژێت و ملیاردێرەكان دەكوتێت و گەندەڵەكان دەپارێزێ، چینیەكیش خۆی نەبەخشی بەوانەی داوای لادانی دەسەڵاتداران دەكەن، تەنیا بە پژمەیەك.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا