پاشەكشەی گرژییەكان.. ئەمریكا بەمەرج ئامادەیە هاوكاری ئێران بكات

مەلەفی تایبەت

22/03/2020‌ 2862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی دووری  پاشەكشەی گرژییەكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن، سەرەرای ئەو پەتایەی ئێرانی گرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا دەیەوێت دۆخی ئێستای ئێران بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە بقۆزێتەوە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مایك پۆمپیۆ دەڵێت: ئیدارەی سەرۆك ترامپ هاوكاری خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆڤید-19، بەڵام لە هەمان كاتدا دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئاگاداركراونەتەوە لە ئازادكردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییانەی لەو وڵاتەدا دەستبەسەركراون. 

لەو بارەوە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باسی لەوە كردووە، كە سەركردایەتی ئێران بە جدی لێكۆلینەوە لەو پێشنیارە دەكەن.

دیارە گرنگترین شتی ئەوەی ئێرانییەكان لە ئەمریكا چاوەڕوانی دەكەن هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكەیە، لە هەمان كاتدا ئێران رەتیدەكاتەوە گوتارە توندەكانی دژی ئەمریكا خاو بكاتەوە.

لەو بارەیەوە، شارەزای ئەنجوومەنی روسی بۆ كاروباری دەرەوە (نیكیتا سماگین) بەدوری دەزانێت مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆن دژیەكییەكانی ئەمریكا و ئێران خاو بكاتەوە. 

باسی لەوەش كردووە ئەمریكییەكان دووجار وتیان ئامادەی ئەوەن هاوكاری ئێران بكەن، وەڵامی ئێرانییەكان بریتی بوو لەوەی ئەمە تەنیا نمایشكردنەو بۆ هاوكاری كردنی ئێران تەنیا هەڵگرتنی سزاكان بەسە بۆ ئەوەی روبەروی ڤایرۆسەكە ببنەوە. 

هەروەها وتی: بابەتەكە لەم سنوورەدا وەستاو هیچ هۆكارێك نابینم بۆ خاو كردنەوەی هیچ شتێك، چونكە ئێستا وڵاتان بە شێوەیەكی بنەڕەتی گرنگی بەخۆیان دەدەن نەوەك سیاسەتی دەرەوە، لەگەڵ ئەوەدا، ئێستا كاتی هەڵكشان نییە.

سماگین باسی لەوەش كردووە ئەوەی ئێرانییەكانی نیگەران كردووە قورسی باری ئابوورییە، كە پێوەی دەناڵێنن، كە دیارە بنەمای ئابووری ئێرانی بەهۆی سزاكانەوە و بەهۆی كەمبوونی هەلی ناردنە دەرەوە و بەكاربردنی ناوخۆ زیادی كردووە.

هەروەها وتی: ئێستا كاتێك خەڵكی لە ماڵەكانیان دادەنیشن و جموجوڵ ناكەن و قاوەخانەو چێشتخانەكان دادەخەن، ئەمەش لێدانە لە بەكاربردنی ناوخۆ و دەچێتە نێو دۆخی ئابوورییەوە، كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هیچ باش نەبووە، بەم شێوەیە، ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپدایە بە بەراوردكردن لەگەڵ وڵاتانی تردا، و لەماوەی دوو ساڵی لەسەر یەكدا گەشەی نێگەتیڤی لە بەرهەمی گشتی ناخۆیدا تۆمار كردوە، و ئەم لێدانەشی لەلایەن ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەركەوت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا