هاوپەیمانی هەموو پۆستە بەتاڵەكانی پڕكردەوە

کوردستان

23/03/2020‌ 1866 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كە هاوپەیمانی لەسەرەتای تەمەنی بوو بەهۆی  ئەنجامدانی ساختەكاری دەنگەكانی هەوڵی لەبار بردنی درا، دوای ئەو ماوەیە و خۆرێكخستنەوەی ئەو حزبە و گۆڕینی ناوەكەی  جارێكی دیكە  حزبەكانی دەرەوەی  هاوپەیمانی هەوڵی لەباربردن و بەرتكردنی  هاوپەیمانییان دا كەتەمەنی دووساڵە. 

ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەك سەركردەی هاوپەیمانی دەستیان لەكاركێشایەوە  و هەروەها ژمارەیەكی دیكەیان لەكار لابرا، ئەوەش بەلای هاوپەیمانییەوە هەوڵێكی دیكەی حزبەكانی دەرەوەی هاوپەیمانییە بۆ لەباربردنی ئەو حزبە و دەستێكە هانی ئەندامان و بەرپرسانی دەدەن پێكەوە دەست لەكاربكشێنەوە و بێ هیوای بڵاوبكاتەوە. 

سەرچاوەیەكی باڵا لەنێو هاوپەیمانییەوە بەشارپرێس-ی راگەیاند، هاوپەیمانی پرۆژەیەكی نیشتیمانییە و ئازادی تەواوی تێدایە،  پێشتریش بۆیە چەندین كەس هاتووەتە نێو حزبەكە  كە ئایدۆلۆژیای جیاوازی هەبووە و دەستلەكاركێشانەوەش كارێكی  ئاساییە، بەڵام  ئەم هەوڵەی ئەو چەندە رۆژەی رابردوو  دەستێكی ئاشكرابوو بۆ جارێكی دیكە لەباردنی هاوپەیمانی. 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو كەسانەی كەدەستیان لەكاركێشاوەتەوە بەهەموو توانایەك هانی كەسانی دیكەی نێو حزبەكە دەدەن كە دەستلەكاربكێشنەوە و بێ هیوای بڵاو دەكەنەوە كە ئەویش بەشێكە  لە زنجیرەی پلانەكە".
ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەكردەوە، كە دەستلەكاركێشانەوەكان ئاماژەیەكی روونە كە بێ ئومێدی لەنێو حزبەكە بڵاو دەكەنەوە و لایەنێكە دەیەوێت ئەو حزبە لەبار ببات هاوشێوەی رابردوو كە هەوڵیان بۆ دا. 

بەوتەی سەرچاوەكە، هاوپەیمانی خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی باشە و  دوای دەستلەكاركێشانەوەكان، هاوپەیمانی بەفەرمی هەموو پۆستە بەتاڵەكانی پڕكردووەتەوە و بڕیاریشە بەمنزیكانە شوێنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی حزبەكە پڕبكاتەوە كە بەفەرمانی ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لەكارلابرا. 

هاوپەیمانی پرۆژەیەكی نیشتمانی فرە رەهەندە كە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی نیشتمانی لەساڵی 2018 دامەزرا، هاوكات لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دوو كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بەهۆی ئەنجامدانەی ساختەكاری لەدەنگەكانی هەر زوو هەوڵی لەباربردنی درا  هەروەها دوای وازهێنانی سەرۆكەكەی جارێكی دیكە هەوڵی خۆرێكخستنەوەی دا و ناوەكەی گۆڕی و كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا.

ئ.خ