به‌رهه‌م ساڵح و تیمی پشتیوانی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا كۆبوونه‌وه‌

عیراق

24/03/2020‌ 209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بە ئامادەبوونی د. جەعفەر سادق عەلاوی، وەزیری تەندروستی و ژینگە و د. عەلی شوکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازیکرد لە تیمی پشتیوانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار ھەموو جۆرە ھاوکاری و یارمەتییەکی لۆجیستی پێشکەش بەتیمی پشتیوانی نیشتمانی دەکات لە رێگەی گرتنە ئەستۆ و چاودێریکردنی کارەکانی تیمەکە لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکە و کەمکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەوێتەوە، ھاوکات داواشی لە تەواوی هاونیشتمانیان کرد، لە بازرگان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێتی و سەندیکاکان و عەشائیر و تەواوی ھاووڵاتیان کە پشتیوانی لە کاری تیمەکە بکەن بۆ سەرخستنی ئەو ئەرکە نیشتمانییە.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، لەسەر ئەوەی کە ئاڵەنگارییەکە پێویستی بە یەکخستنی تەواوی توانا میللی و فەرمییەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، کە هەڕەشە لە ژیانی ھاووڵاتییان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا وەزیری تەندروستی وردەکاری پلان و ئامادەکارییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا خستەروو. 

لە لای خۆیانەوە تیمی پشتیوانی نیشتمانی سروشتی کاری خۆبەخشی لێبڕاوانەی تیمەکەیان خستەڕوو بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی، ئەویش لە رێگەی پشتیوانی و هەوڵی حکومەت بۆ وەزارەتی تەندروستی و تۆڕی قەیران و پێشکەشکردنی پێداویستی خۆپارێزی تەندروستی و چارەسەری.