لایەنە شیعەكان و پارتی لە‌سەوداو مامەڵەیەكی ژێربەژێردان

ڕاپۆرت

26/03/2020‌ 6072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەریكە موقتەدا سەدر، دەچێتە ژێرباری فشاری هێزە سیاسییەكانی پاشكۆی ئێران، كە كۆشش دەكەن عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو بگۆڕن بەپاڵێوراوێكی دیكە.

سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، نوێنەرانی سەدر، بۆ یەكەمجار لەم هەفتەیەدا، گوێبیستی بژاردەكانی هێزە سیاسییە شیعەكان بوون، سەبارەت بەناوە شیمانەكراوەكانی جێگرەوەكانی زورفی.

هەرچەندە سەدرییەكان هێشتاش پێیان وایە،‌ زورفی بژاردەیەكی باشی ئەم قۆناغەی ئێستایە،‌ كە بارگاوییە بە‌پشێوی و ئاڵۆزییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌، بەڵام تەنیا دانیشتنیان بۆ تاوتوێكردنی لیستی جێگرەوەكانی زورفی، لەوانەیە پەرەبسێنێت و سەربكێشێت بۆ خستنەڕووی بژاردەی دیكە بۆ جێگرتنەوەی زورفی‌.

هێشتا سەدرییەكان هەڵوێستی ڕوونیان نییە لەدەستبەرداربوون لە زورفی، بەڵام پێنوێنی سیاسی هەن، كە هێزە سیاسییە شیعەكانی پاشكۆی ئێران، پلانیان بۆ ئەو كارە داناوە و گەرەكییانە لەڕووی سیاسییەوە دەورەی زورفی بدەن و لە گۆشەیەكدا قەتیسی بكەن.

هەفتەی پێشوو، دوای ئەوەی حەوت هێزە شیعەكە شكستیان هێناوە لەدیاریكردنی پاڵێوراوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپارد.

لە ساتەوەختی ڕاسپاردنی زورفی-یەوە، سەدرییەكان لاگیری بڕیارەكەی بەرهەم ساڵح بوون، هێزە شیعە پاشكۆكانی ئێرانیش بە توندی ڕەتیانكردەوە و تۆمەتی پاشكۆیەتی بۆ ئەمریكای دەدەنەپاڵ.

سەرباری ئەوەی‌ نیوەی ماوە دەستورییەكە تێپەرێوە، كە 30 ڕۆژە‌، كەچی‌ هێشتا زورفی لە دەستپێكردنی دانوستانە سیاسییەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی سەركەوتوو نەبووە.

شیعەكان بۆ سەركەوتن لەو گەمە سیاسییەیان، نیازیان وایە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، یاری بەكارتی بەرهم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بكەن.

هێزە شیعەكانی پاشكۆی ئێران دەڵێن، بەرهەم ساڵح مافەكانی پارتە شیعەكانی پێشێلكردووە لەوەی ڕاسپاردنی كەسێكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران قۆرغكردووە، بەوەی‌ زورفی ڕاسپاردووە، كە كودەنگی شیعەكانی لەسەر نییە.

سەرچاوەكە ئەوەشی زانیووە، كە ئەو هێزە سیاسییە شیعانە، پەیامیكیان گەیاندووەتە بارزانی، تێیدا ئامادەییان دەربڕیوە،‌ وەك سزایەك لە بەرانبەر ڕاسپاردنی زورفی، تاوتوێی بیرۆكەی لادانی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار بكەن، ئامادەشن پاڵێوراوەكەی پارتی بكەنە سەرۆك كۆمار، لە بەرانبەر ئەوەی پشتیوانی لە زورفی نەكات.

سەرباری ئەو بەربەستە دەستووری و یاساییە ئاڵۆزانەی‌ دێنە بەردەم ئەم پلانەی شیعەكان و پارتی، بەڵام شیعەكانی پاشكۆی ئێران پێیان وایە، ئەگەر فراكسیۆنە گەورە كوردی و سونییەكان دەستباریان لەگەڵ بگرن،‌ ئەوان لەپەرلەمان زۆرینەن و ئەو كارەیان پێ دەكرێت.

پێشتر پارتی هەوڵی زۆریدا، فوئاد حوسێنی پاڵێوراوی، بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار سەربخات، بەڵام بەرهەم ساڵح بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، ئەو پۆستەی‌ بۆ خۆی و حیزبەكەی مسۆگەر كرد.

ئەوكات، هێندەی نەما بوو ئەو ڕووداوە، كەلێنێكی سیاسی گەوروە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و هیزە شیعەكاندا دروست بكات، لە ئێستادا هێزە شیعیەیكان كۆششی ئەوە دەكەن، بە لادانی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، بارزانی و پارتەكەی قەرەبوو بكەنەوە.

هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی، باسیان لەو گفتوگۆیانە كردووە،‌ كە لە ئێستادا لە ئارادان، بۆ لادانی زورفی لە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، ئەم گفتوگۆیانەش‌ بە سەرپێچی دەستووری دەدەنە قەڵەم.

هاوپەیمانی نەسڕ پێی وایە، تا وادە دەستوورییەكەی ڕاسپاردنی زرفی تەواو نەبێت، هیچ كەس و لایەنێك مافی بەتاڵكردنەوەی ئەو ڕاسپاردنە دەستورییەی نییە، چونكە ئەمە سەرپێچی جوغزە یاساییەكان و چوارچێوە نیشتمانییەكانە.

سەرچاوەكان دەشڵێن: خودی مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، سەركردایەتی كۆششەكانی لادانی زورفی گرتووەتە ئەستۆ، لەمەشیاندا سوودی لەو پەیوەندییە فراوانانەی وەرگرتووە،‌ كە لە ناوەندە شیعی و كوردی و سونییەكەدا هەیەتی.

هێشتا ڕوون و ئاشكرا نییە، ئاخۆ مالیكی حساباتی كۆنی خۆی لەگەڵ زورفی یەكلاییدەكاتەوە، یاخود پشتیوانی لە بڕیارەكەی ئێران دەكات بۆ لادانی زورفی.

هەروەها سەرچاوەكانی نێو (یەكێتی هێزەكانی) سونییەكان كە لەدیارترین هێزە سیاییە سونییەكانە و محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، قسە لەبارەی ئەو دانوستانانە بكەن، كە گوایە ئەوان مەرجی كۆدەنگی و سازانكاری شیعەكانیان كردبێتە‌ پێشمەرج، بۆ ڕازی بوون بە ڕاسپاردنی زورفی.

حەلبوسی بە پشتیوانێكی زورفی دادەنرێت، بەڵام دوا هەڵوستی، كە مقۆمقۆی لەبارەوە دەكرێت - ئەگەر ڕاست بێت – دەبێتە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانییەكی گەورە، بۆ  عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو.

لە ئێستادا، هێزە سیاسییە پاشكۆكانی سەر بە ئێران، لەلاوازترین دۆخی خۆیاندان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بەركەوتە دەستورییەی، كە جاران بە هۆی سازانی واشنتۆن و تارانەوە یەكلاییان دەكردەوە و ببوو بە ئەمری واقع.

چاودێڕێكی سیاسی عێراقی پێیوایە ئەوەی هێزە شیعییەكان كۆششی بۆ دەكەن لە ڕەتكردنەوەی‌ زورفی، واتای ئەوەیە‌، هەر لایەنێك بە دوای بەركەوتی خۆیەوەیەتی لە كێكی دەسەڵاتدا، ئەمەش جێگەی دڵەڕاوكێییە و لەوانەیە لە قۆناغی ئایندەدا،‌ دۆخەكە قڵپبكاتەوە و بەرژەوەندییەكانیشیان بكەونە مەترسییەوە.

چاودێرەكە ئەو بەدوور دەزانێت، كە سەرچاوەی ناڕەزایی لایەنە شیعەكان سەبارەت بە ڕاسپاردنی زورفی، پەیوەست بێت بەو میكانیزمەی زورفی پێ ڕاسپێردراوه، پرسەكەش‌ هیچ پەیوەست نییە بە ڕێككەوتنی نێوان موقتەدا سەدر و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارەوه بۆ كەنارگیركردنی كەس و لایەنی دیكە‌‌.

چاودێرەكە باسی لەوەش كردووە،‌ كە سەبەتەی لایەنە ناڕازییەكان بەتاڵ بووە، ئەوان پێشتر چەندەها كەسیان بۆ ئەو پۆستە پێشنیار كردوو و سەركەوتوو نەبوون.

چاودێرەكە ئەوەشی وت: ئەو  هەڵوێست و جموجوڵانه،‌ تەنها و تەنها كارتێكی فشارن بۆ سەر زورفیلەوەی لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا گرفتی بۆ دروست بكەن.

چاودێرەكە بە گاڵتەجاریەوه،‌ باسی لەو چوارچێوە ڕێكخستنكاری و وادە دەستورییانە كردووە كە گوایە پێشێلكراون، جەختی لەوەش كردۆتەوە، كە ئەو قسە و قسەڵۆكانە تەنها هەڵیت و پەڵیتن و هیچ بنەمایەكیان نییە، بۆیە چاودێرەكە پێی وایە،‌ ئەو ڕێوشوێنەی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار گرتویەتیەبەر، ڕێوشوینێكی ڕاست و دروست و بەهێزە، ئەمەش‌ وا دەكات هەڵوێستی سەرۆك كۆمار لەم پرسەدا بەهێز بێت، لەولاشەوە زورفی كۆشش ئەوە دەكات، نەكەوێتە نێو ‌ كێڵگەی مینی حزبە سیاسییەكانەوە، لە هەوڵی ئەوەشدایە بزانێت حزبە سیاسییەكان چیان دەوێت و چشیان لە هەگبەدایە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر