كێشانەوەی دیبلۆماتكارانی ئەمەریكا لەعێراق هەنگاوێكە بۆ جێبەجێكردنی پلانی لێدانی حەشدی شەعبی

عیراق

29/03/2020‌ 1572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كەریم عەلێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: كێشانەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا هەنگاوێكی دەستپێشخەرییانەیە بۆ جێبەجێكردنی پلانی هێرشكردنە سەر پێگە سەربازییەكانی عێراق لەوانە پێگەكانی حەشدی شەعبی.

عەلێوی لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی مەعلوومە دەشڵێت: كێشانەوەی فەرمانبەر و دیبلۆماتكارانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا روونیدەكاتەوە، كە واشنتۆن پلانی ئەوەی هەیە هێرشی سەربازی بكاتە سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی بەرگری ‌و سەركردەكانیان، كە ئەوان دەیانەوێت دیپلۆماتكار و فەرمانبەرەكانیان لە هەر پەرچەكردارێكی هێرشكردنە سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی بپارێزن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەڵێت: ئامانج لە كێشانەوەی هێزە سەربازییەكان لە بنكە سەربازییە بچووكەكانەوە بۆ بنكە سەربازییە گەورەكان لە عێراق بۆ ئەوەی توانا و هێزی بەرگریكردن و خۆپاراستنیان زیاتر بێت، ئەوان دەترسن بنكە سەربازییە بچووكەكان بكەون بەر هێرشی چەكداری گروپە چەكدارییەكان، لەبەر ئەوە هەموو هێزەكانیان لەچەند بنكەیەكی سەربازی سەرەكیدا كۆكردووەتەوە تا بەشێوەیەكی باشتر پارێزراو بن.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح پێیوایە ئەمەریكا هیچ پلانێكی پاشەكشەی هێزەكانی لەعێراقدا نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە دووبارە دابەشكردنەوەی هێزەكانە و جێگیركردنیانە لە بنكە سەربازییە سەرەكییەكان ، تەنانەت هێزەكانی ئەمەریكا كار لەسەر مانەوە و بەهێزكردن و قایمكردنی بنكە ئەو بنكانە دەكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی