قسەكانی روحانی لەبارەی ڤایرۆی كۆرۆنا ترس دروست دەكات

جیهان

30/03/2020‌ 2959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران پێیوایە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، كە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە لەماوەی هەفتەیەك بۆ ١٠ رۆژی داهاتوودا پاشەكشە ناكات، بەڵكو رەنگە ڤایرۆسەكە ساڵێك بۆ دوو ساڵی تر بەردەوام بێت.

ئەو قسانەی حەسەن روحانی لەئێران ترسی دروست كردووەو رەخنەشی لێگیراوە، كە بەشێك لە رەخنەگران باس لەوە دەكەن، حكومەتی تاران شكستی هێناوە لەڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بۆیە ئەو قسانە دەكەن.

رەخنەگران باس لەوەش دەكەن، كە دۆخی ئێران لەوە دەرچووە كۆنتڕۆڵ بكرێت‌و حكومەتی ئەو وڵاتەش هیچ شتێكی پێناكرێت‌و تەنیا رۆژانە ئەو قسانە دەكەن، تا خەڵك زیاتر بترسن.

روحانی لەكاتی كۆبوونەوەی حكومەتی ئێراندا هانی خەڵكی ئێرانیدا خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە ئامادە بكەن و لەوبارەیەوە وتی: دەبێت وا بكەین كۆمەڵگا ئامادە بێت بەجۆرێك لەجۆرەكان بەرەنگاری ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە.

سەرۆكی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەندێك لە پارێزگاكان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی لەهەندێك پارێزگاش بەپێچەوانەوەیە.

جەختیشیكردەوە، كە رەنگە ڕێكارە توندەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە دوو هەفتەی تر بخایەنێت هەروەك وتی: پرسیاری ئەوەمان كردووە ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە كوێ؟ ئایا دۆخە هەرە سەختەكەمان تێپەڕاندووە و بەرەو باشتر دەڕۆین؟ لەوەڵامدا پێیان وتووین لەهەندێك لە پارێزگاكان دۆخە هەرە سەختەكەمان تێپەڕاندووە و نەخۆشییەكە دەستی بە پاشەكشە كردووە، بەڵام لە پارگاكانی تر ناتوانین لەوە دڵنیا بین.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كەسانی شارەزا پێیان وایە دەبێت تا كۆتایی پشووەكانی نەورۆز چاوەڕوان بكەین تا دۆخەكە روون دەبێتەوە و دەزانین لەكوێداین.

لەو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیشدا سەرۆكی ئێران وتی: دەسەڵاتداران لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە دواكەوتن، بۆیە راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی دوكەوت، هەروەك وتی: لەو ماوەیەدا نەخۆشییەكە لە چەند شارێكدا بڵاوبووەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی