بێگەرد تاڵەبانی: داوای بودجه‌مان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ تا هەڵمەتی رشاندنی دژ به‌ كوللـە ئەنجام بده‌ین

کوردستان

30/03/2020‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كۆبووەوە و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش رایگه‌یاند، درێغی ناكەن لە كارئاسانی بۆ جوتیار و خاوەنكاران و هەڵمەتی رشاندن دژ لە كوللـە ئەنجام دەده‌ن.

ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەی راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفڕانس ئەنجامدراو گفتوگۆ كرا لەسەر دۆخی كشتوكاڵ و ئاودێری لە ئێستادا،لەسەرەتای كۆبوونەوەكە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی دۆخی ئێستای كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری كرد بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاسی بەڕێوەبەر، پزیشك و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەكان و كەرەنتینەكانی كرد بۆ ئەو هەڵمەتە فراوانانەی دەستیان پێكردووە لە رشاندن، دروستكردنی رێگەپێدان بۆ جوتیاران و خاوەنكاران و رێگری لەهاتنی بەرهەمی كوالێتی خراپ، هەروەها جەختی كردەوە، بەردەوامبن لە كارئاسانی بۆ جوتیاران و خاوەنكاران، چونكە ئێستا وەرزی داچاندنە بۆ ئەوەی جوتیارانمان تووشی زیان نەبن.

وتیشی، "پێویسته‌ درێغی نەكەن لە دابینكردنی پێداویستی خۆپارێزی بۆ پزیشك و كارمەندانی وەزارەت، چونكە ئەوان لە هێڵی پێشەوەی بەرگریكردنن لە هاونیشتمانیان".

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رانەگرتنی كاری بەڕێوەبەرایەتیەكان و كۆمپانیاكانی بەگرنگ زانی بە تایبەت بۆ پڕكردنەوەی خواستی بازاڕ لەبەرووبووم بۆ ئەوەی نرخ لەسەر بەكاربەران زیاد نەكرێت.

خاڵێكی كارنامەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەهەڵمەتی رشاندن دژ بەكوللە، لەمڕوەوە بێگەرد تاڵەبانی وتی، "داوامان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ پێدانی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ هەڵمەتی رشاندن دژ بە كوللـە لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیارانمان".

هەروەها گفتوگۆكرا لەسەر باشترین میكانیزم بۆ ناونوسینی جوتیاران بۆ وەرگرتنی گەنم، بەجۆرێك زۆرترین جوتیار سوومەندبن، باسیش لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی بەغداد كرایەوە كەلەسەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ بەغداد ئەنجامدرابوو كە جیاوازی نەكرێت لەنێوان جوتیارانی كوردستان و خوارو ناوەڕاستی عێراق.

لە كۆبوونەوە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكان چەند سەرنجێكیان ئامادە كرد بۆ ئەوەی لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، بخرێتەبەردەم سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەپێناو لەپێناو پاراستن و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.