ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەجیهاندا لە 800 هەزار كەس نزیك دەبێتەوە

جیهان

31/03/2020‌ 79 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، كە لە شاری وهان لە ویلایەتی‌ هوبی لە چین سەریهەڵدا و بە زۆرێك وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە ‌سەرانسەری جیهاندا لە هەشت سەد هەزار كەس نزیكبووەتەوە.


ماڵپەڕی "Worldometer" ، كە زانیاری نوێكراوە سەبارەت بەحاڵەتە نوێیەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان لەوڵاتانی جیهان بڵاودەكاتەوە، ئاشكرایكردووە، كە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە سەرانسەری جیهاندا، گەیشتووەتە 785 هەزار و 910 حاڵەت.

به پێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 37 هەزار و 826 كەس، تا ئێستا 165 هەزار و 660 كەس چاكبوونەتەوە.

بەهۆی توشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین سێ هەزار و ٣٠٤ كەس، لە هۆنگ كۆنگ چوار كەس، لە ئیتاڵیا ١٠ هەزار و ٧٧٩ كەس، لە ئیسپانیا شەش هەزار و ٨٠٣ كەس، لە ئێران دوو هەزار و ٦٤٠ كەس، لە فەڕەنسا دوو هەزار و ٦٠٦ كەس، لە ئەمریكا دوو هەزار و ٤٨٨ كەس، لە بەریتانیا هەزار و ٢٢٨ كەس، لە هۆڵەندا ٧٧١ كەس، لە ئەڵمانیا ٥٤١ كەس، لە بەلجیكا ٤٣١ كەس، لە سویسرا ٣٠٠ كەس، لە كۆریای باشوور ١٥٨ كەس، لە بەڕازیل ١٣٦ كەس، لە توركیا ١٣١ كەس، لە پورتوگال ١١٩ كەس، لە ئیندۆنێزیا ١١٤ كەس، لە سوید ١١٠ كەس، لە نەمسا ٨٦ كەس، لە دانمارك ٧٢ كەس، لە فلیپین ٧١ كەس، لە كەنەدا ٦٥ كەس، لە ژاپۆن ٦٤ كەس و لە ئیكوادۆر ٥٨ كەس گیانیان لەدەستداوە.