دیارترین كاندیدی شیعەكان بۆ شوێنگرتنەوەی عەدنان زورفی

عیراق

31/03/2020‌ 2477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عیززەت شابەندەر سیاسی عێراقی ئاشكرایكرد، لیژنە پێنج كەسییەكەی لایەنە شیعییەكان كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بەڕێوە دەبەن بۆ بۆ پاڵاوتنی یەكێك لەكەسایەتییەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، كە بەقسەی ئەو پاڵاوتنەكە لەنێوان سێ كەسایەتیدا یەكلاییدەبێتەوە، كە ئەوانیش ئەو و قاسم ئەعرەجی و عەبدول حوسێن عەبتانن.

شابەندەر لە تۆمارێكی دەنگیدا دەڵێـت: لیژنە پێنج كەسییەكەی لایەنە شیعییەكان لەكۆبوونەوەدان بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و نەهێشتنی ئەو ناكۆكییەی لەسەر سەرۆكایەتی حكومەت هەیە.

دەشڵێت: دواتر پاڵێوراوەكە دەخرێتە بەردەم موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر بۆ ئەوەی هاوپەیمانی سائیروونیش، كە لایەنی بەهێزی شیعەكانە رەزامەندی لەسەر بدات.

شابەندەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە عەممار حەكیمی ڕێبەری رەوتی حیكمەی نیشتمانی ئەوی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت پاڵاوتووە، هەروەك هەریەك لە هادی عامری و فالح فەییاز پشتیوانی راستەوخۆی خۆیان بۆ پاڵاوتنی ئەو دەربڕیوە .

سەبارەت بە ئەگەری پاڵاوتنی ئەو شوێنگرتنەوەی زورفی شابەندەر دەڵێت: هەموو كوتلە شیعییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی من پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرم.

ئەو هەروەها دەڵێت: جگە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمیس خەنجەر و لایەنە سوننییەكانی تریش پێشوازیان لەپاڵاوتنی ئەو كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی