پلانێكی ئەمەریكی بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی زورفی لەڕێگای هەڕەشەی سەربازییەوە

عیراق

01/04/2020‌ 2444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی پەرلەمانی پلانێكی نوێی ئەمەریكای ئاشكراكردووە، بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكومەتەكەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو لەڕێگای بەكارهێنانی زمانی هەڕەشەی سەربازییەوە.

ئەو سەچاوەیە لەلێدوانێكدا بەپێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە، فرۆكە ڕێگەپێنەدراوەكانی ئەمەریكا لە پاڕێزگاكانی بەغدا و ئەنبار و بابل و سەڵاحەدین بەسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی‌و هێزە ئەمنییەكاندا دەفڕن، كە ئەوە پلانێكی ئەمەریكییە بۆ گوشاركردن لە كوتلە سیاسییەكان تا بە كاندیدكردنی زورفی رازی بن.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، ئەمەریكا وەك هەوڵێك بۆ بڕواپێهێنانی لایەنە بەرهەڵستكارەكانی حكومەتەكەی عەدنان زورفی زمانی هەڕەشەی سەربازی بەكاردەهێنێت.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە، كە واشنتۆن خواستی ئەوەی هەیە زورفی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت لەئێستاشدا بۆ پشتیوانیكردنی لەڕووی سیاسییەوە دەستی بەجوڵە كردووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر زورفی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرێت ئەوە واشنتۆن پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی لەناو عێراق دا دەكات، كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەهەرەسهێناندا بوون.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری كاربەرێكەری عێراق بوونی فرۆكەی ڕێگەپێنەدراوی لەسەر ناوچە سەربازییەكانی عێراق ئاشكرا كردبوو، هەروەك هۆشداریشی دابوو لە ئاكامەكانی هەر كردەیەكی جەنگی ڕێپینەدراو .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە