بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق: تا ساڵێکی دیکە عێراق کێشەی مووچەی نابێت

عیراق

02/04/2020‌ 781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند "پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و تاوەکو عێراق توانای دابەشکردنی مووچەی هەبێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت".

ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند "ئەگەر نرخی نەوت وەکو ئەمڕۆ (26 دۆلار) بمێنێتەوە، داهاتی مانگانەی عێراق لە یەک ملیار دۆلار زیاتر دەبێت، بەڵام عێراق خۆی مانگانە پێویستی بە سێ ملیار و نیو دۆلارە بۆ مووچە، بۆیە دەبێت رێکاری دیکە بگرێتەبەر".

وتیشی "هەرچەندە بانکی ناوەندی پارە لەنێوخۆی وڵاتەکەی چاپناکات، بەڵام ئەگەر ئەوە بکرێت ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت و ترسناکە بۆ سەر کەرتی ئابووری و یەکسەر هەڵاوسان دروستدەبێت و نرخی دینار دادەبەزێت. ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت، عێراق تاوەکو ساڵێکیش دەتوانێت مووچە بدات".

به‌وته‌ی بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق "پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و تاوەکو عێراق توانای دابەشکردنی مووچەی هەبێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت".

ڕ . ج