ئەمەریكا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی بیانی باڵیۆزخانەكانیان لەبەغداوە بۆ عەین ئەسەد بگوازنەوە

عیراق

05/04/2020‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی ئەمنی لەپارێزگای ئەنبار ئاشكرایكرد، ئەمەریكا هانی وڵاتانی بیانی دەدات بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەكانی خۆیان لە شاری بەغداوە بۆ بنكەی ئاسمانی "عەین ئەسەد" لە ئەنبار بگوازنەوە.

ئەو سەرچاوەیە، كە قسەی بۆ ئاژانسی "مەعلوومە" كردووە ئاشكراشیكرد، كە هێزەكانی ئەمەریكا هانی وڵاتانی بیانی دەدەن بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەكانی خۆیان لە بەغداوە بۆ بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار بگوازنەوە، ئەویش لەڕێگای تەرخانكردنی بینای پارێزراو و قایمكراو لەناو بنكەكە بۆ ئەو وڵاتانەی خواستی ئەوەیان هەیە تیمە دیبلۆماسییەكەیان بگوازنەوە، كە بەلای ئەو سەرچاوەوە لەژێر سایەی ئەو قەدەغەی هاتووچۆیەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەپێنراوە هێشتا خەسڵەتەكانی ئەو هەنگاوەی واشنتۆن روون نین.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە هێزەكانی ئەمەریكا وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ تەرخانكردنی باڵەخانەی قایمكراو بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی، كە رەزامەندیان دەربڕیوە بەوەی باڵیۆزخانەكانیان لە بەغداوە بۆ بنكەكە بگوازنەوە دەستیان بەنۆژەنكردنەوەی چەندین باڵەخانەی جێهێڵراوی ناو بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد كردووە .

باسی لەوەش كردووە، كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد جوڵەیەكی نائاسایی و بێپێشینەی نیشتنەوەی فڕۆكەی سەربازی ئەمەریكی بەخۆوە بینیوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی