نرخی نەوت بەهۆی ترامپەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی

مەلەفی تایبەت

05/04/2020‌ 3915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "ئیكسپرت ئۆنلاین" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی گەشبینییەكی پێشوەختە بۆ رێككەوتنی نێوان سعودییەو روسیا، كە دەبێتە مایەی گەشانەوەی نرخی نەوت.

چەند رۆژی رابردوو نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێشبینی دەكات بەم نزیكانە رێككەوتن لە نێوان روسیا و سعودییە بكرێت و جەنگی نەوت كۆتایی پێ بێت. 

هەروەها ئەوەشی هاوكار بوو، كە داوای لەڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا كرد لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ حكومەتی سعودییە بەوەی چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی بازاڕەكانی نەوت.

ترامپیش لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆكانی روسیا و سعودییە ئەنجامداوەو دەكرێت هەردوو لایان رێككەوتنێك بكەن و كۆتایی بە جەنگی نرخەكان بهێنن، واتە كەمكردنەوەی بەرهەم هێنانی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا، كە ئەمەش بوە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

نرخی نەوت بەرزبووەوە، بەڵام زۆربەی شرۆڤەكاران وای دەبینن گەشبینییەكەی ترامپ زیاد لە پێویستە و رێگاكە تا ئێستا زۆر دورودرێژترە لەوەی مۆسكۆو ریاز بگەنە رێككەوتن.

لەسەرەتای چارەكی دووەمەوە، بازاڕەكان چاوەڕوانی نەوتی زیاتر دەكەن، كە شارەزاكانی ئەم بوارە بە ١٥ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی دەخەمڵێنن، ئامادەكاریش بۆ ئەوە دەكرێت لەمانگی نیساندا سەرجەم كۆگاكانی یەدەگیش پڕ نەوت بكرێن.

لە هەفتەی رابردووداش، یەدەگی نەوتی ئەمریكی بۆ ١٣.٨ ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە و یەدەگی ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ئەم بەرزبوونەوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە. 

شرۆڤكاران پێشبینی ئەوە دەكەن یەدەگی نەوت بەردەوام بێت لەبەرزبوونەوە لەگەڵ بەردەوام بوون لەسەر كەمبوونەوەی داواكاری لەسەر بەنزین، لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەمریكییەكان لە ماڵەكانیان دانیشتوون و پاڵاوگەكان بەرهەمیان كەمیكردووە.

مارگرێت یان، شرۆڤەكار لە سی ئێم سی ماركێت وای دەبینێت، زۆربەی كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا ناتوانن لە سەر نرخی ئێستا بەردەوام بن و قازانج بكەن، سەرەڕای ئەوەش بیرە نەوتەكانی ئەمریكای باكوور لە پاشەكشەدایە.

وتیشی: بەڵام یەكەم مژدە لە مایەپوچ بوون لە كۆمپانیای (Whiting petroleum Corp)  بەرهەم هێنەری نەوتی بەردیەوەیە، كە گەورەترین بەرهەم هێنەری نەوتە لە داكۆتای باكووور یەكێك لە ویلایەتە سەرەكییە نەوتیەكانی ئەمریكایە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا