هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی رێکارەکانەوە پەیامێكی نوێ ئاڕاستەى هاوڵاتیان دەکات

کوردستان

05/04/2020‌ 1707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، له‌په‌یامێكدا داوا له‌هاوڵاتیان دەكات پابه‌ندی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی بن و مه‌ترسیه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌مبكه‌نه‌وه‌، دەشڵێت، به‌رنامه‌ی پێویست و فریادڕه‌سی نوێمان، په‌ره‌پێدانی كه‌لتوری خۆپارێزیی و تاكپارێزییه‌. 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، سوپاسی خۆپارێزیی و پابەندیی و خۆڕاگریی و گیانی بەرپرسیارانەی هەموو هاونیشتمانیانی هۆشمەندو دانشمەندی پارێزگای سلێمانی و کوردستان و دامودەزگاکانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان و کەرتی تایبەتی نیشتمانیی و مێدیاکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین.

بەرنامەی پێویست و فریادڕەسی نوێمان وەک پارێزگای سلێمانی، پەرەپێدانی کەلتوری خۆپارێزیی و تاکپارێزییە، بەو مانایەی هەریەکێکمان ببینە پزیشکی خۆمان و لە هەر کات و دۆخ و شوێن و کارێکدا بین، هەرکەسەمان لەسەر بنەمای (پاراستنی خۆم؛ پاراستنی هەموومانە، پاراستنی خۆت؛ پاراستنی هەموو جیهانە)، ڕەفتار بکەین.

بۆئەوەی ژیان ئاسایی بکەینەوەو ژینگەی کارو چالاکیی ڕۆژانە دەستپێبکاتەوە، وادەخوازێت، تاک بە هۆشیاریی و هەستیارییەوە، خۆی خۆی بپارێزێت، دەوروبەرو کۆمەڵگایش سەرزەنشت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەرکەسێکدا بکات، کە سەرپێچی و سەرکەشیی و بێباکیی لە خۆپارێزیی خۆیدا دەکات و، ڕێگە نەدەین هیچ کەسێک بەبێ ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەبێ دەستکێش و دەمامک، گوزەر بکات، کار بکات.

دەبێت خۆمان لە دروستکردنی قەرەباڵغی و بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون، بپارێزین، بۆئەوەی خۆمان و مرۆڤایەتیش بپارێزین.

هەر لێرەوە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پەیام و پلانە تەندروستییە مرۆییە نیشتمانییەدا پشتیوانمان بن و هانی ئەندام و لایەنگرو هەوادارو هەڵسوڕاوەکانیان بدەن بۆ (خۆپارێزیی و تاکپارێزیی)و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە.

پابەندبوونی ئێوە، ڕێگای دووری دەربازبوون لەم پەتایە، کورت دەکاتەوەو مەترسییەکانی سەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆ دەرفەتەکانی ژیانەوەو بوژانەوەو ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکان دەگۆڕێت.

بەهەمان شێوە داوا لە هەموو دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین پشتیوانیی تەواوی ئەم پەیامی (خۆپارێزیی و تاکپارێزیی)یە بن، بۆئەوەی بە هەموومان ژیان لە مردن ڕزگار بکەین.

لە بەشداریی و پشتیوانیی هەمووتان دڵنیاین، چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتانین.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
                                                                                  ٥ / ٤ / 2020