پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردنی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن

کوردستان

21/04/2020‌ 2288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردنی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر بە زووترین کات تا پێنجشەممە واته ۲٣ی مانگ مووچه‌ دابه‌شنه‌كرێت، سیستمەکە چۆڵدەکەن و بەپرسیارێتییەکە دەچێتە سەرشانی حکومەت.


پەیامێک لە پزیشکانەوە بۆ بەرپرسان وڕای گشتی
بەرپرسان هاونیشتمانیان

شتێکی ئاشکرایە کە کاری پزیشیکیی یەکێکە لەو کارانەی کە شەو و ڕۆژ، زستان و هاوین پشووی جەژن بۆنەو مەراسیمەکان ناناسێت، پزیشک جیا لەوەی لەکاتی فەرمیی خۆیدا و بەیانیان دەبێت لەسەر دەوامەکەی بێت، هاوکات پابەندە بە ئەرکی ئێشکگریی  و شەونخوونی و خەفارەت بە هەمان ئەو بڕە مووچەیەی کە لەبەرامبەر دەوامێکی ئاساییداوەریدەگرێت. هاوکات بە هاتنی پەتای کۆرۆنا ئەم دەوام و پابەندبوونە بۆ دوو هێندە و سێ هێندە بەرز بووەتەوە بە جۆرێک کە پزیشک هەیە نەیتوانیوە بۆ ماوەی ٥٦ ڕۆژ خانەوادەکەی ببینێت.

هەموو ئەم لەخۆبووردوویی و بارگرانییە لە بەرامبەر مووچەیەکدایە کە وا بۆ ٤٥ ڕۆژ دەچێت نەدراوە. لێگەڕێن لەوەی پزیشکانی کوردستان پێچەوانەی هەمووپزیشکانی دونیا نەک هەر پاداشتی ماددی و مەعنەویی ناکرێن بەڵکو لە سەرەتاییترین مافی خۆشیان کە موچەکەیانە و سەرچاوەی قووتی ڕۆژانەیانە بێ بەش دەکرێن. ئەمە لەکاتێکدا لە بەغداو خوارووی عێراق بە شایستەی ماددی و پارچە زەوی ڕێزیان لێدەگیرێت لە پای ئەرک و ماندووبوونەکانیان لە کاتێکدا ژمارەی پزیشکانی باشور و ناوەڕاست زۆر زیاترە و کەمتر لە پزیشکانی هەرێم ماندوو دەبن.

بەڕێزان پزیشک بە گوێرەی ئەوەی کە دەبێت بەردەوام لە ئامادەباشیی دا بێت بۆ ڕووداوە کتوپڕەکانی نەخۆشخانانەکان، وەک کارمەندانی دیکەی دەوڵەت ناتوانێت کاری لاوەکی یان کاری دووەم بکات و بە گوێرەی ئامارێکی سەندیکای پزیشکانیش کەمتر لە ٪۱۰ ی پزیشکان کلینیکیان هەیە لە ئێستادا کە وەک سەرچاوەیەکی ماددی چاوی لێبکرێت، زۆرینەی ڕەهای پزیشکان تەنها ئەو مووچەیە سەرچاوەی ژیانیانە کە زیاد لە ٤٥ ڕۆژە نەدراوە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هاتنی نییە، سەرباری ئەوەش دەوامی پزیشکان بە پێچەوانەی تەواوی کارمەندانی دیکەوە سێ هێندەو چوار هێندە زیادی کردووە لەسەروبەندی هاتنی کۆرۆنا و  نەخۆشانی کۆرۆنادا و زۆرینە پزیشکان لە پارەی گیرفانی خۆیان پێداویستیی خۆپارێزییان دەستەبەر کردووە.

ئێمە وەک پزیشکان لە هەموو بەشە هەستیار و گەرم و سارد و فریاکەوتنەکانیش هۆشداری توند دەدەین بە حکومەت کە ئێوە بەرپرسن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە  ڕووبدات لە دوای هەڵوێست وەرگرتنی پزیشکان، هاوکات بەرپرسیارێتی تەندروستی و  گیانیی هاوڵاتیان و نەخۆشانی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە ئەستۆی ئێوەدایە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییە ڕەواکانمان و ڕای گشتی ئاگادار دەکەینە کە چیدی بەبەرمانەوە نەماوە و ناتوانین قەرز بکەین بۆ ئەوەی بچینە نەخۆشخانەکان بۆ خزمەتکردن. 

بە کورتی داواکارییەکانمان دەخەینە ڕوو

یەکەم/دابەش کردنی مووچە بە زووترین کات تا پێنج شەممە واته۲٣ ی مانگ، لە ئەگەری پێچەوانەدا سیستمەکە چۆڵدەکەین و بەپرسیارێتییەکە دەچێتە سەرشانی حکومەت.

دووەم/دەبێت دابەشکردنی مووچە هەموو سی ڕۆژ جارێک بێت، لە ئەگەری دواکەوتنی مووچە بۆ هەر مانگێک دەوام چۆڵدەکرێت.

سێیەم/پێزانین و دەرماڵەی شایستە دابین بکرێت بۆ ئەو پزیشکانەی کە لەکاتی ئاسایی و ڕێگەپێدراوی خۆیان زیاتر کاردەکەن بە سیستمی خەفارات کاردەکەن و لە پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی لەو جۆرە بکرێت بە تەواوی وردەکارییەوە.
چوارەم/پارێزبەندیی بۆ پزیشک دابین بکرێت و ڕێگریی بکرێت لە هەر تۆقاندن و بێڕێزییەکی ماددی و مەعنەوی کە بە پزیشکان دەکرێت.

پێنجەم/پزیشکان وەک هەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا مرۆڤن، هەناسەدەدەن و پێویستییان بە نان و ئاو و هەوا هەیە بۆ ژیان. دەبێت گارەنتی ژیانی پزیشک و ماڵ و منداڵی بکرێت لەکاتێکد پزیشک لە نەخۆشخانەکاندا خزمەت دەکات.

شەشەم/پزیشکان سەرمایەیەکی مرۆیی و نەتەوەیی ئەم وڵاتەن، ڕێگریی لە بەهەدەرچوونی تواناکانیان بکرێت بە کۆچکردنیان و درووستکردنەوەی کۆچی پێچەوانە بە دابینکردنی ئیمتیاز و مافی شایستە، بە پێچەوانەوە پزیشکان بە کۆمەڵ کار لەسەر ئەوە دەکان وڵات بەجێبهێڵن و ئەو کاتەش بە تەنها میللەتەکە زیانی بەردەکەوێت.

پزیشکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان
۲١/٤/۲۰۲