ڤلادیمێر پۆتن لە كوێیە؟

لە میدیاکانەوە

29/04/2020‌ 1295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
ھەمیشە مانگی ئادار مانگێكی گرنگە بۆ كارەكانی ئەلكسێندرا جیراسیمۆفا- ٤٠ ساڵ، كە وانەكانی لەشجوانی لە ڕێگەی سەنتەری فیتمۆس و بەرنامەی تایبەتەوە پێشكەش بە سەرتاسەری ڕوسیا دەكات، خەڵكی لەدوای زستانێكی دوور و درێژ دەیانەوێت كەمێك جەستەیان ڕێك بێت.

بەڵام بەدرێژایی مانگی ئادار بەتەواوی كۆمپانیاكەی جیراسیمۆفا داخرا و ھەر ٣٠ كارمەندەكەی ناردە ماڵەوە وەك ئەو ملیۆنەھا خەڵكەی ڕوس، كە لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتینە كردووە لەبەرانبەر خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڤایرۆس، كە تا كۆتایی مانگی ئادار ڕوسیا كەیسەكانی بەپەنجەی دەست دەبژێردرا.

گۆڤاری تایم لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژی ٢٦ نیسان باس لەوە دەكات، كە لەگەڵ دابەزینی داھاتەكانی بەڕێژەی ٧٠٪، جیراسیمۆفا دەڵێت: ھەر ٣٠ كارمەندەكەم ناردەتەوە ماڵەوە، ھیچ مووچەیەكیشیان نییە.

بە پێچەوانەی ئەوروپا و ئەمریكا، ڕوسیا پاڵپشتێكی دارایی ئەوتۆی كۆمپانیا و بزنس نەكردووە، كە بەھۆی قەیرانەكەوە زیانیان بەركەوتووە، جیراسیمۆفا دەڵێت: "٤٥ ڕۆژە كۆمپانیاكان داخراون، سێ مانگ وابێت نازانم دواتر بزنسم ئەبێتەوە یان نا.

ڕوسیا بە پێچەوانەی وڵاتانی ترەوە كێرڤی تووشبوون و مردن ھێدی ھێدی سەردەكەوێت، یەكەم حاڵەتیش ناوخۆیی بوو، چونكە لە مانگی شوبات تەواوی خەڵكانی چین-ی دەستگیركردو ڕەوانەی وڵاتەكەی كردەوە و سنووریشی داخست. لە ١٥ ی ئاداریشەوە ھیچ ڕوسییەك نەماوە نەگەڕابێتەوە.

ڕۆژی ٢٧ ی نیسان كرۆنا ڤایرۆس چووە خاڵی وەرچەرخانەوە، چونكە ژمارەی كەیسەكانی ڕوسیا پێش وڵاتی (چین) كەوت و بوو بە ٨٧ ھەزار و ١٤٧ تووشبوو، مردنیش بەرزبۆوە بۆ ٧٩٤ كەس. 

زۆربەی كەیسەكانیش لە مۆسكۆ-ن، كە سەنتەری بازرگانی و گواستنەوە سەرەكی وڵاتە، كۆی گشتی ٨٤ ناوچەی ڕوسیا زیانمەندە.

كۆمپانیا بچووك و ناوەندەكان لە ڕوسیا كە ٤٢٪ی ئابووری روسیا دابیندەكەن، حكومەتیان لە ئیفلاسبوونی بە كۆمەڵ ئاگاداركردووەتەوە، ڕۆژی ٢٤ی نیسان ٣٠٠ ھەزار ئیمزا كۆكراوەتەوە و گەیەندراوە بە حكومەت.

ھەروەھا بە پێی كەناڵی ئار تی ڕوسیا لە شاری ڤلادیكافكاز لە باشوور ڕۆژی ٢٠ ی ئەپرل خۆپیشاندانێكی جەماوەری دوو ھەزار كەسی ڕوویداوە و بە زەبری پۆلیس بڵاوەیپێكراوە و ١٠ یان كەس دەسگیركراوە، یەكێك لە خۆپیشاندەران دەڵێت: "٦٠ ڕۆژە موچەم وەرنەگرتووە.

فلادیمیر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا دوای ئەوەی مۆسكۆ-ی جێھێشتووە و لە شوێنێكی تر نیشتەجێیە تا ئێستا ٤ وتاری داوە و تەنیا باسی كۆرۆنا ڤایرۆسی كردووە، بێئەوەی ئاماژە بدات بە ئابووری كرێكاران و فەرمانبەرانی وڵاتەكەی. 

ڕۆژنامەی نیویۆرك پۆست نوسیویەتی: سیرجی سۆبیانین سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ و میخایل میشستین سەرۆك وەزیرانی روسیا، كە كەسێكی نەناسراو لە مانگی جێنیوەری ٢٠٢٠ لەناكاو پۆتن دایمەزراند، مۆسكۆیان جێھێشتووە.

نیكۆلای بیترۆف، توێژەری سەنتەری توێژینەوەی تشاتام ھاوس لە لەندەن، بە زە نیویۆرك تایمز-ی وتووە: پۆتن ئامادەگی نەكردووە بۆ پەتاكە، بۆیە تا ئێستا دیار نییە چی ئەكات بۆ ئابووری وڵاتەكەی.

ڕۆژنامەی تایم ئاماژەیداوە، كە دۆخی ڕوسیا تەواو ئاشكرایە، بەھۆی داڕمانی نرخی نەوت و گازی سروشتی، ئاستی بژێوی تێكچووە، لەچوار بەش، سێ بەشی داھاتی ڕوسیا لەسەر وزەیە، بۆیە پێشبینی ئەكرێت خراپترین قەیران ڕوو لە ڕوسیا بكات، بەپێی گۆڤارەكە ڕێژەی بێكاری بۆ ١٥٪ بەرزبووەتەوە و ٨ ملیۆن كەس بێكار بووە.

ئەوەی سەرۆكی ڕوسیا كردوویەتی تەنیا یەك شت بووە، ڕۆژی ١٥ ی نیسان پلانی پاڵپشتی كۆمپانیا گەورەكانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، كە پێدانی قەرز بووە بە كرێكارەكان بەبێ سوود ئەویش ١٢ ھەزار و ١٣٠ ڕۆبل (١٦٠ دۆلار) بۆ ھەر فەرمانبەرێك بۆ مانگی نیسان و ئایار، بەڵام ئەمە ڕوسیا ڕزگار ناكات.

بەپێی لالیكسی كۆدرین سەرۆكی ژووری وردبینی روسیا، كە بۆ پێگەی ئار بی سی -ی ڕوسی دواوە، حكومەت پێویستە ٧٪ی كۆی داھاتی ناوخۆ دابینبكات ئینجا ئابووری ڕوسیا ڕزگاری دەبێت، كە ئەویش نزیك ١٦٥ ملیار دۆلار دەكات.