شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر رایگهیاند، لەگەڵ لێژنەی دەست پێکردنەوەی خوێندن لە پەیمانگەکانی وەزارەتی کار کۆبووەتهوە و بڕیار درا بە دەست پێکردنەوەی خوێندن لە پەیمانگەکانی نابینایان و نابیستان بە شێوەی ئۆنڵاین.
یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر له راگهیهندراوێكدا رایگهیاند: ئهمڕۆ لەگەڵ لێژنەی دەست پێکردنەوەی خوێندن لە پەیمانگەکانی وەزارەتی کار کۆبووەوە.
بەڕێوەبەری گشتی باسی لهوهكرد: لەو کۆبوونەوەیە کە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروردە و هەردوو بەڕێوەبەری پەیمانگەی نابیستان و پەیمانگەی نابینایانی هەولێر بەشدار بوون بڕیار درا بە دەست پێکردنەوەی خوێندن لە پەیمانگەکانی نابینایان و نابیستان بە شێوەی ئۆنڵاین.
ئهوهشی خستهڕوو، بۆ ئەم مەبەستە بە پێویست زانرا وانەکان لە لایەن مامۆستایانی پسپۆری وەزارەتی کار لە ستۆدیۆی تایبەت تۆمار بکرێن و بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە لە مالپەڕەکەیان بۆ خوێندنی ئۆنڵاین دابنرێن و کۆدی تایبەت بۆ چوونە ژوور بۆ قوتابیان ئامادە بکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیار درا لە کاتی پێویست مامۆستایان سەردانی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەن بۆ زیاتر دڵنیابوون لە وەرگرتنی وانەکان و زیاتر ئاشنا کردنیان بە شێوازی خوێندنی ئۆنڵاین.