لە نێوان ململانێكانی ئەمریكاو ئێراندا عێراق حكومەتی نوێی پێك هێنا

مەلەفی تایبەت

10/05/2020‌ 583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " غازیتا رو" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی خۆشحاڵی دەربڕینی هەر یەك لە تاران و واشنتۆن بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، و ئاڵینگارە قورسەكانی بەردەم كابینەكە.

بەپێی راپۆرتەكە، پەرلەمانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی سەرۆك وەزیرانی نوێ و سەرۆكی هەواڵگری نیشتمانی مستەفا كازمی، زۆرینەی وەزارەتە پێشنیاركراوەكان دەنگی متمانەیان بەدەست هێنا جگە لە چەند دانەیەكی كەم نەبێت.

گەڕان بەدوای سەرۆك وەزیرانی نوێدا بۆ پێكهێنانی حكومەت زیاتر لە پێنج مانگی پێچوو، جگە لە مستەفا كازمی دوو بەربژێری تر هەوڵی پێكهێنانی حكومەتیاندا، ئەوانیش محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی بوون.

بەگوێرەی قسەی عەدنان زورفی، ئەو هەوڵی پێك هێنانی حكومەتی نەدا بۆ ئەوەی وڵات دابەش نەبێت و ژمارەیەك هۆكاری ناوخۆو دەرەكی وای كرد نەتوانێ پێكی بهێنێت. 

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكان، ئەندامانی هاوپەێمانی نەسر، لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا پێویستیان بەرەزامەندی هێزە كوردی و سونەكان هەبوو، هەمان كێشەش رووبەرووی كازمی بووەوە، بەڵام ئەو توانی چارەسەرێكی مام ناوەند بكات لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ هێزە سیاسییە عێراقییەكان.

هەروەها هۆكارەكانی فشاری دەرەكی لەسەر ئەو وڵاتەو كاندیدەكانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت شتێكی ئاشكرایە، و ئەمریكا و ئێران هەژموونی خۆیان لە عێراق پیادە دەكەن و ساڵی رابردوو خەریك بوو جەنگێكی كراوە لە نێوانیاندا بەرپا بێت.

بە شێوەیەكی گشتی، راسپاردنی كازمی رەزامەندی هەردوولایانی بەدەست هێنا، لەگەڵ ئەوەی كاریگەری یاریچییە بیانییەكان بۆ كازمی تەنیا كێشە نییە و لەسەر سەرۆك وەزیرانی نوێ پێویستە دەرچەیەك بۆ قەیرانی ئابووری بدۆزێتەوە، كە هۆكاری یەكەمی خۆپیشاندانەكانە.

بەم شێوەیە، كازمی لەماوەیەكی زۆر قورسدا دێتە سەر دەسەڵات، لەسەر بڕیارەكانی ئەو دەوەستێت ئایا دەتوانێت وڵات لەو كێشە زۆرانە دەرباز بكات و نەهیڵێت خۆپیشاندانی نوێ بێتە ئاراوە. 

دیارە لە هەمان كاتدا روبەروبونەوەی ئەمریكا و ئێران بەربەست بۆ هەوڵەكانی حكومەت دروست دەكات، تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ خاوبوونەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوانیان.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا


بەپەلە