شارپرێس:
پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکانی قۆناغەکانی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی لهگهڵ بهرپرسانی پهروهرده ئهنجامدا و جهختكرایهوه، پێویستە مووچەی پەروەردە لە زووترین کاتدا دابەش بکرێت.
بهگوێرهی راگهیهندراویی پارێزگاری سلێمانی، ئهمڕۆ بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکانی قۆناغەکانی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەو تەندروستی و کارەباو بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەو بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ئامادە بوون، بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان و لەسەر بنەمای فەرمانی وەزاری وەزارەتی پەروەردەو پێشنیازەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی میکانیزمی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دیاریکران و پێداویستیە لۆجستیەکانی بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دابین کران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی کەرتی پەروەردەو مامۆستایان و خوێندکاران و هاووڵاتیانی بەڕێزی پارێزگای سلێمانی کرد، کە بە پابەندیی و خۆپارێزیی و خۆڕاگرییان توانیان ڕۆڵێکی شایستە لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا ببینن.
لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە موچەی پەروەردە لە زووترین کاتدا دابەش بکرێت و پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی خۆی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای بۆ دووپاتکردنەوە.