مستەفا كازمی بەهەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی دەست پێدەكات

ڕاپۆرت

13/05/2020‌ 1959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتەكەی كازمی كۆشش ئەوە دەكات پشتیوانی شەقامی عێراقی بەدەست بێنێت، ئەمەش‌ لە ڕێگەی كردنەوەی دوو دۆسییەی هەرە ئاڵۆز، كە دۆسییەكانی گەندەڵی دارایی و گارگێڕین.

یەكشەمەی‌ی ڕابردوو كازمی سەردانی فەرمانگەی خانەنشینی گشتی كردووە لە بەغدا، كە هەزارەها لە خاوەن مامەڵەكانی لە نەخۆش و پەككەوتە تێدا كەڵەكەبوون و چاوەڕوانی ڕاییكردنی مامەڵەكانیان دەكەن، كە بە هۆی سیستەمی بیرۆكراسی كاغەزییەوە كیسەڵ ئاسا بەڕێوەدەچن، چونكە دەبێت دەیەها بەڵگەنامەیان پێ بێت و چەندەها واژووشیان پێویستە، كە هەندێكیان مامەڵەكار ڕسوا و زەبوون دەكەن.

پێش ڕۆشتنی لە پۆستەكەی، عادل عەبدولمەهدی بڕیارێكی نامۆی دەركرد بە وەستاندنی موچەی خانەنشینان، بەو پاساوەی پارەی نەختینەی پێویستیان نییە، بەمەش‌ گرفتێكی یاسایی دروستكرد، بەڵام عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی تازە، ئەو گرفتەی لە چەند كاتژمێرێكدا چارەسەر كرد.

دیارە مەبەستی بڕیارەكەی عەبدولمەهدی تیوەگلاندنی كابینەكەی مستەفا كازمی بوو، بەڵام كازمی ئەو بڕیارەی كردە هەلێك بۆ سەركەوتنی خۆی، بەوەی دەستی كردە گەڕان و سوڕان بەنێوە دەیەها مامەڵەكاری پیر و پەككەوتە و دڵنەوایی كردن، كە گرفتەكانیان چارەسەر دەكات. 
هەر، كە كازمی فەرمانگەكەی بەجێهێشت، یەكسەر هەزارەها لە خانەنشینان موچەكانیان وەرگرت، چونكە وەزیری دارایی تازە فرمانی كرد ڕێوشوێنی بە پەلە بگیرێتەبەر و بە خێرایش پارە بخرێتە سەر هەژماری بانقی فەرمانگەی خانەنشینی.

لەو ئانوساتەشدا، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ گەورە بەرپرس و ئەفسەر و فەرمانبەرانی كارگێڕی وەزارەتەكەی لەكۆبوونەوەدا بوو، هۆشداری ئەوەشی پێدان، كە دەستی هەر كەسێك دەبڕێت مامەڵە و كڕین و فرۆشتن بەپۆستە ئەمنییەكانەوە بكات، ئەمەش‌ ڕەووشتێكی باو بوو لە ساڵانی پیشوودا كە لەو وەزارەتەدا‌ پیادە دەكرا.

لە ساڵانی پێشوو كرین و فرۆشتنی خاڵەكانی پشكنین كارێكی پیادەكراو بوو لە چەند جومگەیەكی ئەو وەزارەتەدا، بە زۆری وابوو، كە ئەفسەرانی نزیك لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران ئەو پۆستە گرنگانەیان بۆ خۆیان قۆرغ دەكرد.

محەمەد ڕەزا ئەلحەیدەر- ی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت: عەبدولمەهدی ئەو ئەفسەرانەی لەو پۆستە هەستیارانەی دەوڵەت‌‌دا داناوە، كە لێوەشاوە نین، ئەمەش‌ بەهۆكاری سیاسی بووە، چونكە پێشتر سیاسییەكان جڵەوگیری ئەو پۆستە گرنگانەیان كردبوو.

ئەوەی‌ لەم دوایەدا‌ كازمی و وەزیرەكانی كردیان، مشتێكە لە خەروارێك لەگرفتە كەڵەكەبووەكانی وڵاتی چەند ساڵی لەمەوپێش، بەڵام جەماوەری جۆشداوە و هیوای ئەوەی پێداون، كە لەم چەند مانگەی ئایندەدا كاری باشتر بكرێت.

ئەلحەیدەر دان بەوەدا دەنێت، كە زیانلێكەوتوانی هاتنی كازمی بە هەموو هێزیانەوە كۆششی ئەوە دەكەن بەربەرست بۆ كۆششەكانی حكومەت دروست بكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش‌ كرد لەوانەیە دوا خۆپێشاندانەكانی شەقامی عێراقی دەستێكی سیاسی لە پشتەوە بێت.

چاودێران دەڵێن تەواو بوونی پێكهاتەی كابینە وەزەراییە تازەكەی كازمی، هۆكارێكی دیكەی هێزە بۆ سەرۆك وەزیری تازە، كە دەستیكردووە بە پڕكرنەوەی 9 پۆستی وەزاری كە لە بنەچەدا 22 پۆستە.

بەشیر حەدادی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی وتی: كازمی پێش جەژنی ڕەمەزن پاڵێوراوی ئەو پۆستانە دەخاتە بەردەم پەرلەمان، هەر كە ناوەكانیش خرانە بەردەم پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان دەكات، كە پۆستە بەتاڵەكانی حكومەتەكەی كازمی بریتین لە وەزارەتی نەوت و دەرەوە و كشتوكاڵ و بازرگانی و ڕۆشنبیری و كۆچبەران و داد.

بە گوێرەی دانوستانەكان، پۆستی وەزارەتی نەوت دەدرێتە یەكێك لەكەسایەتییە شیعەكانی شاری بەسڕە، پۆستی وەزارەتی دەرەوە و داد- یش بۆ كوردەكانە، وەزارەتەكانی دیكەش جێگەی‌ مشتومڕن لە نێوان هێزە سونی و شیعەكاندا.

هیچ حیزبێكی سیاسی ناتوانێت پاڵێوراوەكانی بەسەر كازمیدا بسەپێنێت، كازمی خۆی ناوی پاڵێوراوەكان پێشنیاز دەكات و دەبێت پارتە سیاسییەكانیش ڕای خۆیانی لەسەر بڵێن بە قبوڵكردن یان ڕەتكردنەوە، ئەمەش هەلەكانی كازمی بەهێز دەكات بۆ ڕاكێشانی كەسایەتی بەهێزی دیكە بۆ ناو كابینەكەی.

بەشیر حەداد- جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت: ئەركی حكومەتە تازەكە لەم‌ قۆناغەدا ناردنی یاسای بودجەی ئیتحادییە بۆ پەرلەمان، پێدانی موچەی خانەنشینان و باشتركردنی ژیان و بژێوی كەمدەرامەتەكان و كرێكار و كاسبكارانە، بەگەڕخستنی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتییە، هەروەها زاڵبوونە بەسەر دۆخی ئەمنی و گێرانەوەی سام و شكۆی دەوڵەت بەسەر هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسدا، ئەمە جگە لە ئاشكراكردنی تۆمەتبارانی كوشتنی خۆپێشاندەران و دۆسییەكانی گەندەڵی و دانە داگای ئەو تۆمەتبارانە.

ڕۆژی 2 شەممە كازمی پاڵشتێكی دیكەی مەعنەوی بۆ زیاد بوو، كاتێك موقتەدا سەدر ستایشی هەنگاوەكانی كرد و وتی: كازمی لێبڕاوانە كار دەكات، سەرباری ئەوەش سەدر ماوەی 100 ڕۆژی وەك مۆڵەت بەخشیوەتە كابینەكەی كازمی و لەو ماوەیەشدا چاودێری ئاستی كاری حكومەتەكەی دەكات، بەڵام سەدر هەروەك پیشەیی خۆی، ئاماژەی بەوە نەكردووە كە دوای ئەو ماوەیە دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەبات.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر