بەمەبەستی رەوانەكردنیان بۆ لیبیا روسەكان میلیشیایەك لە بەكرێگیراوان لە قامیشلی دروست دەكات

لە میدیاکانەوە

14/05/2020‌ 1222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان لە رۆژئاوای كوردستان، ئەفسەرانی روسیا لەسەر فەرمانی بەرپرسانی مۆسكۆ بەشێوەیەكی رۆژانە كۆبوونەو لەگەڵ سەرۆك هۆزە عەرەبییەكانی شاری قامیشلۆ ساز دەكەن، كە لەو كۆبوونەوانەدا روسەكان پلانی بەسەربازگرتنی رۆڵەكانی ئەو هۆزانە لەچوارچێوەی قەوارەیەكی سەربازی نافەرمی دەخەنە روو، كە هیچ پەیوەندییەكیان بە هێزەكانی رژێمی سوریاوە نەبێت .

بەقسەی سەرچاوەكان روسەكان سەرۆك هۆزەكانیان ئاگاداركردووەتەوە، كە ئەو میلیشیایانەی دروست دەكرێن هیچ پەیوەندییەكیان بە هێزەكانی ڕژێمی سوریا یان هێزەكانی بەرگری نیشتمانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان نابێت، بەڵكو راستەوخۆ سەر بە ڕوسیا دەبن و موچە و خواردنیان لە مۆسكۆوە بۆ دابین دەكرێت و رەنگە ژمارەی هێزەكە نزیكەی ٥٠٠ بۆ هەزار  چەكدار بێت .

تەنانەت روسەكان بەڵێنی ئەوەیانداوە، كە ئەوان بەشداری هیچ جۆرە شەڕێك لەگەڵ هیچ لایەنێك لەدەرەوەی پارێزگای حەسەكە ناكەن، تەنیا لەحاڵەتی زۆر ناچاری نەبێت .

باس لەوەش كراوە، كە ئەو هەنگاوەی مۆسكۆ نیگەرانی ئەمەریكییەكانی لێكەوتووەتەوە بەوەی رەنگە فراوانبوونی سنووری جێدەسەڵاتی روسەكان لەناوچەكە سەرەتایەك بێت بۆ فراوانبوونی هەژموومی روسیا لە عێراق و سوریا .

باس لەوەش كراوە، كە لەگەڵ ئەوەی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە خراونەتەوە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام ماوەی دوو مانگ دەبێت روسیا بە دوو ئاراستەی چوونیەك كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە ناوچەی حەسەكە دەكات، یەكەمیان لەڕێگای خۆنزیككردنەوە لە هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەی قامیشلی و حەسەكە بەشێوەیەك لەم ماوەیە رابردوودا ئەفسەرانی روسی كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك هۆز و پیاوماقوڵانی هۆزەكانی گوندەواری حەسەكە ساز كردووە، وەك پێشوازیكردنی لە مەحمود مەسنوور عاكووب سەرۆك هۆزی "حەرب" لە ئەفسەرانی روس  و ڕژێمی سوریا لە میوانخانەكەی خۆی لە قامیشلۆ.

بەگوێرەی سەرچاوەی متمانەپێكراو و ئاگادار، ئەو هەنگاوەی روسەكان دەچێتە چوارچێوەی دروستكردنی میلیشیای چەكداری بەكرێگیراو بەمەبەستی رەوانەكردنیان بۆ لیبیا بۆ شەڕكردن لەپاڵ هێزەكانی خەلیفە موشیر حەفتەری سەرۆكی سوپای نیشتمانی لیبیا.

ڕوسیا لەڕێگای جێگیركردنی نزیكەی ٢٠٠ سەرباز و دەیان تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی گولەنەبڕەوە بوونی خۆی لەنزیك فڕۆكەخانەی قامیشلۆ بەهێز كردووە، ئەوە جگە لە بوونی شەست هێلیكۆپتەر، هەروەك ئەفسەرانی روس دوای دەستگرتن بەسەیدا لەناوچەی ڤێلاكانی نزیك فڕۆكەخانەكە نیشتەجێ بوون، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان پلانێكی روسەكان بۆ دروستكردنی چەند گرووپێكی چەكداری لە ناوچەی عاموودا وتەل تەمەر لە گوندەواری حەسەكە شكستپێبهێنن.

لای خۆیانەوە هیزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان جەختیانكردووەتەوە، كە روسیا دەیەوێت ئەو گەنجانە بخاتە ناو ڕیزی ئەو بەكرێگیراوانەی دەیەوێت بۆشەڕكردن رەوانەی لیبیایان بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە