لەكاتژمێرێكدا 250 تووشبوو ئاشكرا دەكەن.. بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پشت بە سەگ دەبەستێت

تەندروستی

19/05/2020‌ 568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچوارچێوەی پلانەكانی حكومەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەئێستادا ژمارەیەك سەگ راهێنانی تایبەتیان پێدەكرێت بۆ ئەوەی بتوان كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكەن .

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییە بەریتانییەكان، حكومەتی ئەو وڵاتە لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بڕیاریداوە بڕی ٦٠٠ هەزار دۆلار بۆ راهێنانی سەگ لەسەر دۆزینەوەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخان بكات .

رۆژنامەی "گاردیان "ی بەریتانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە پێشتر سەگ بۆ دۆزینەوەی بۆنی هەندێك جۆری نەخۆشی وەك شێرپەنجە و مەلاریا و پاركینسۆن راهێنانیان پێكراوە.

ڕاهێنانی سەگەكان چەند قۆناغێك لەخۆدەگرێت لەوانە بەكارهێنانی سامپڵی بۆنی نەخۆشەكان لەنەخۆشخانەكانی لەندەن و بەكارهێنانی سەگەكان بۆ ناسینەوەی ئەو بۆنانە .

لای خۆیەوە رێكخراوی "سەگی دۆزینەوەی پزیشكی" رایگەیاند، توانای سەگەكان بۆ ئاشكراكردنی ئەو جۆرە نەخۆشیانە  دەگاتە ٢٥٠ كەس لە كاتژمێرێكدا، تەنانەت راهێنانیان پێكراوە بۆ ئەوەی بۆنی نەخۆشییەكە بدۆزنەوە ئەگەر بێت و زۆر سووكیش بێت، كە هاوشێوەی تێكردنی كەوچكێك شەكر بێت لەدوو حەوزی مەلەی یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد.

لەبابەتی ئاشكراكردنی بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی رێژەی شەكری ناو خوێنی خاوەنەكانیان سەگەكان زۆر لەئامێرەكانی پێوانی شەكرە خێراترن، لەبەر ئەوەی سەگەكان لەڕێگای بۆنی جەستەی خاوەنەكەیەوە پێشبینی بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی رێژەی سەكرەكەی دەكات و ئاگاداری دەكاتەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی