كازمی ناوەندەكانی سەركردایەتی حەشدی شەعبی لێكهەڵدەوەشتێنێت

ڕاپۆرت

19/05/2020‌ 2048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدای پایتەختەوە دەڵێن: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیر، لە هەوڵی ئەوەدایە بنەكەكانی سەركردایەتی ئێستای هێزەكانی حەشدی شەعبی لێكهەڵوەشێنێت و دووبارە ڕۆڵەكان لە ناو ئەو دەزگایەدا دابەش بكاتەوە، تا ڕامیان بكات و ڕێگەش‌ خۆش بكات ئەو هێزانە وەك سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی دیكە، گوێڕایەڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقبن.

سەچاوەكان باسیان لەوەش‌ كردووە، ئەو سەردانانەی شەممەی ڕابردوو كازمی كردوونی بۆ بارەگای حەشدی شەعبی، هێندەی نەما بوو چەند كاتژمێرێك پێشتر شكست بخۆن، ئەمەش دوای ئەوەی فالح فەیازی سەرۆكی حەشدی شەعبی و عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبو فەدەك) سوپاسالاری حەشد، لەوە دڵنیابوونەوە، كە نەخشەی گۆڕانكارییە تازەكان ئەوانیش دەگرێتەوە.

سەرچاوەكان ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە شەممەی ڕابردوو فالح فەیاز ڕەتیكردووەتەوە پێشوازی لە مستەفا كازمی بكات، ئەمەش خەریك بوو شكست بە سەردانەكەی كازمی بێنێت، بەڵام چەند لایەنێكی جۆراوجۆر دەستیان لە كارەكە وەرداوە و نەیانهێشتووە سەردانەكە شكست بێنێت.

سەردانەكەی كازمی دوای چەند ڕۆژێك بوو لە بڵاوبوونەوەی قسەوقسەڵۆكی جۆراوجۆر، گوایە كازمی نیازی وایە دەستەی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنیتەوە یان دووبارە پەیكەربەندییەكەی ڕێكبخاتەوە یان سەركردەكانی بگۆڕێت، بەڵام شەممەی ڕابردوو كازمی جەختی لەوە كردەوە، كە پابەندە بە هێشتنەوەی ئەو هێزە و سوودیش لە تواناكانی وەردەگرێت.

هەروەها چەند سەرچاوەیەكی دبلۆماسی لە بەغدا ئەوەیان ئاشكراكردووەكە دۆسییەی حەشدی شەعبی و كۆنتڕۆڵكردنی، لە گرنگترین ئەو بەندانە دەبێت، كە لە مانگی ئایندەدا لە نێوان ئەمریكا و عێراقدا دانوستانیان لەسەر دەكرێت، دانوستانەكانیش بۆ دووبارە ڕەنگڕێژكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایە.

هاوكات كازمی وتی: ئەوان لە قۆناغی ڕیشەكێشكردنی داعشدان، كە دەیەوێت دووبارە ڕێزەكانی خۆی ڕێكبخاتەوە، جەختی لەوەش كردەوە جەنگاوەرانی حەشدی شەعبی شانبەشانی سوپا و هێزەكانی دیكە، لە پێشی پێشەوەی ئەنجامدانی ئەو ئەركەدان.

كازمی هۆشداری لەوەشدا، كە چەند دەنگێكی نەشاز هەن گەرەكییانە كەلێن و درز بخەنە نێو دەوڵەت و هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە، وتیشی: دەبێت ئەو قسەوقسەڵۆك و دەنگۆیانە بوەستێندرێن.

كازمی لە چوارچێوەی یاسایی و فەرمیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هێزانە دەربڕی، بەڵێنیشی بە سەركردەكانی حەشد داوە لەئایندەدا سەردانی دیكەیان بكات بۆ زانینی پێداویستییەكانیان و هەماهەنگیكردنی سەربازی لەگەڵیان دژ بە داعش.

وەك دڵنەوایكردنیش بۆ پشتیوانی ئەو هێزانە، كازمی پێش بەجێهێشتنی بارەگاكەیان بەرگی ئەو هێزانەی پۆشی.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەو جوڵەی كازمی لە چوارچێوەی جیبەجێكردنی پلانی "دەورەدانی سارد" دایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بنكەكانی حەشدی شەعبی كە دەگوترێت لاگیرییەكی زۆریان بۆ ئێران هەیە.

چەند ئەندامێكی تیمەكەی كازمی جەخت لەوە دەكەنەوە كە كازمی نیازی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هەیە، بەوەی فەیاز بكاتە ڕاوێژكارێیك ڕەمزی خۆی  و هیچ دەسەڵاتێكی جیبەجێكاریشی پێ نەدات، ئەبو فەدەك – یش وەلانێت و كەسایەتی دیكەی بخاتە شوێن كە لاگیریان بۆ بۆگەڕاوەی نەجەف و سیستانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە.

سەرچاوەكە دەڵێت: هۆكاری ڕەتكردنەوەی پێشوازیكردن لە كازمی لە لایەن فەیازەوە لە شەممەی ڕابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەیاز دەزانێت قۆناغی سەرۆكایەتی بۆ هێزی حەشد بەرەو كۆتاییە، پۆشینی جلوبەرگی حەشدیش لە لایەن كازمییەوه،‌ سیمبولە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هێزە و خستنەژێر ڕكێفی حكومەتی عێراقییەوە.

چاودێران دەڵێن ئەم هەنگاوە سەرەتاییەكە بۆ كازمی كە دۆسییەی ئەمنی وڵات كۆنتڕۆڵ بكات، بە تایبەتیش دوای ئەوەی دۆسییەی ئەمنی ڕادەستی عوسمان غانمی كردووە كە لە دەرەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ئێرانە و لە ئێستاشدا وەزیری ناوخۆی عێراقە.

چاودێران باس لەوە دەكەن كە كۆنتڕۆڵكردنی حەشدی شەعبی یان بەشی هەرە گەورەی هێزەكانی تەنها پێویستی بەوەیە  موچەی مانگانەیان بكەوێتەدەست حكومەت. 

جەنگاوەرانی حەشدیش دەڵێن لە ساڵی 2018 وە سەركردەكانیان ستەمكارانە بەشێك لە موچەكانیان لێ دەبڕن و دەیخەنە سەر هەژماری تایبەتی خۆیان، حكومەتیش تەواو دەستەوەستان بووە لە چاودێریكردنی ئەو دۆسییە و نەیوێراوە دەستوەردانی تێدا بكات.

سەرچاوەكان دەشڵێن ئەو پارە بڕاوانە كە ملیۆنەها دۆلارە، بەكارهاتووە بۆ پارەداركردنی كردەی سەربازی لە دەرەوەی یاسا و ئێرانیش لەپشت ئەو پرسەوەیە؛ وەك هێرشكردنەسەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بنكە سەربازییەكانی دیكەیان لە عێراق.

هەروەها چەند سەرچاوەیەكی دبلۆماسی لە بەغدا ئاشكرایان كردووە كە دۆسییەی حەشدی شەعبی لە گرنگترین بەندەكانی دانوستانی ئەمریكا و عێراقە لە مانگی ئایندە و دووبارە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ڕێكدەخرێنەوە.

چاودێران پێیان وایە بە هاتنەسەركاری كازمی، دۆسییەی عێراق كەوتۆتەوە ژێر هەژموونی ئەمریكا و ڕۆڵی ئێرانیش پاشەكشەی كردووە، ئەمەش بە هۆی سزا ئابوورییە ئەمریكییەكان بەسەر ئێرانەوە كە دەركەوتنی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخی تاران- یان سەختتر كردووە.

سەرچاوەكان دەڵێن كازمی بەدەستنوسێكی ڕاشكاو، بەڵێنی لە هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی هەق و ئەكرەم كەعبی سەرۆكی بزووتنەوەی نوجەبا وەرگرتووە كە هەموویان میلیشیایی نزیك لە ئێرانن، كە هیچ جوڵەیەكی نەرێنییان نەبێت لە ناو عێراقدا و هێرش نەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هێزە سەربازییەكانیان، لە بەرامبەریشدا گەرەنتی ئەوەی پێداون ئەمریكا هێرشیان نەكاتەسەر.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەو بەڵێننامەی میلیشیاكان لە مانگی ئایندەدا، لەسەر مێزی دانوستانی واشنتۆن و بەغدا تاوتوێ دەكرێت، كازمیش پێویستی بە دۆخێكی سەقامگیر هەیە، تاوەكو بتوانێت بەرەنگاری تەنگژە ئابوورییە خنكێنەرەكە ببێتەوە كە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە توشی عێراق بووە.

چاودێرێكی سیاسی دەڵێت ئەگەر كازمی كاروانی چاكسازییەكانی لە حەشدی شەعبییەوە دەست پێبكات، ئەوا یەكێك لە گەندەڵترین دۆسییەكانی هەڵبژاردووە. ئەمەش دوور نییە توشی پێكدادانی بكات لەگەڵ چەند كەسایەتییەكدا كە سیمبولی بەرەنگارین و نزیكیشن لە ئێرانەوە، بۆیە ئەو كەسایەتییانەی ناو حەشد گەمەیان پێ ناكرێت و دەتوانن دۆخەكە بشێوێنن، خۆ ئەگەر كازمی لەم پرسەدا سەركەوتوو بێت، وەرچەرخانێكی گەورە لە سرووشتی سیستەمی سیاسیدا ڕوودەدات لە عێراقدا.

ئاراستەی كازمی لەم دۆسییەدا بە پێودانگەكانی پێشوو نابێت، چونكە ناوچەكە گۆرانی بەسەردا هاتووە و هەژموونی ئێرانیش بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو داویە لە كەمی. 

بۆیە دەكرێت بڵێین كە كازمی دەتوانێت لە پڕۆسەی سیاسیدا و لەو شوێنەی‌ بە پێویستی دەزانێت، گورزی كاریگەر بوەشێنێت. 

چاودێرێكی عێراقیش پێی وایە كازمی مكوڕە لەسەر دەورەدانی حەشدی شەعبی، بەو پێیەی ئەو هێزە بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق، بۆیە ڕێوشوێنی ئالۆزی زۆری پێویستن، ئەو ڕێوشوێنانەش گۆرانكاری لە نێو سەركردەكانی حەشدی شەعبیدا دێنێتە ئاراوە، بە تایبەتیش سەركردە باڵاكانیان كە شیلگیرن لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی ڕێكخراوەكەیان و شادومانیشن بەو پارە مفتەی ئێستا دەستییان دەكەوێت.

چاودێرەكە دەڵێت: ڕاستە ئەركەكەی كازمی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە، بە تایبەتیش لە سایەی بێئومیدی هەندێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كە لە دەرئەنجامی گۆرانكارییە خۆجێی و هەرێمییەكانەوە سەریانهەڵداوە و عێراق و ئێرانیش بەدەستییەوە دەناڵێنن.

چاودێرەكە ئەوەشی وت: سەركەوتنی كازمی لە جڵەوگیركردنی حەشدی شەعبی و كۆنتڕۆڵكردنی بەشێك لەو چەكەی‌ بە نایاسایی بەدەست كەس و لایەنەكانەوەیە، هەنگاوی دووەمی بەدوادادێت كە پاككردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتە و ئەمەش بە ئاسانی و بەشیوەیەكی چاوەڕوانەكراو دێتەدی؛ چونكە حەشد بۆ هۆی چەكدارە لە یاسادەرچووەكانییەوە بەربەستە لە بەردەم دەستپێكردنەوەی ژیانێكی مەدەنییانە لە عێراقدا.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران : لوقمان حاجی قادر