نیسان یەكەمین وێنەی فەرمی ئۆتۆمبیلی Kicks e-Power بڵاودەكاتەوە

هەمەڕەنگ

20/05/2020‌ 458 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی كۆمپانیای نیسانی تایبەت بە وڵاتی تایلەند لەسەر پێگەی تویتەر، یەكەمین وێنەی فەرمی ئۆتۆمبیلی كارەبایی مۆدێلی  Kicks ی كۆمپانیاكەی ئاشكراكرد.

هەروەك پێگەی "ئینساید ئی ڤی" تایبەت بە هەواڵی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان وێنەی ئەو ئۆتۆمبیلەی نیسانی بڵاوكردووەتەوە، كە وابڕیار بوو لە پیشانگای رۆژی ١٩ی مارسی رابردوو نمایش بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رووداوەكەی هەڵوەشاندەوە .

بەپێی پێگە ئەمەریكییەكە، نیسان ئەو مۆدێلەی ئۆتۆمبیلەكە لە بازارە جیهانییەكان بەناوی بازرگانی  Kicks e-Power  دەخاتەڕوو، هەروەك پێشبینیش دەكرێت لەهەرزانترین ئەو ئۆتۆمبیلە كارەباییانە بێت، كە نیسان خستوویەتییە بازاڕەكانی ئەمەریكا.

سیستەمی بزوێنەری e-Power ی كۆمپانیای نیسان یارمەتی كۆمپانیاكەی داوە ببێتە پڕفرۆشترین كۆمپانیای كارەبایی، لەوانە مۆدێلی Note e-Power كارەبایی بزوێنەری دوانەیی (هایبرید) .

هێشتا نیسان كاتی خستنەڕووی فەرمی مۆدێلی Kicks e-Power ی دیاری نەكردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بخرێتە بازاڕەكانی جیهانەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی