یەكێتی ئەوڕوپا هۆشداری دەداتە لەئیسرائیل

لە میدیاکانەوە

21/05/2020‌ 890 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبەیاننامەیەكدا، كە جۆزێپ بۆرێل، وەزیری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دەریكردووە و لەكۆی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەكێتییەكە ٢٥ ئەندام لەسەری كۆك بوون، یەكێتییەكە داوای لەحكومەتی نوێی ئیسرائیل كرد، كە دەست لە پلانی لكاندنی زەوییەكانی كەرتی ڕۆژئاوای داگیركراو بهێنێت، هاوكات گرنگی رێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەكانی بەبیری ئیسرائیل هێنایەوە. 

لەبەیاننامەكەی یەكێتی ئەوروپادا هاتووە، داوا لە وڵاتی ئیسرائیل دەكرێت خۆی لە هەر بڕیارێكی تاكلایەنە بەدوور بگرێت، كە سەربكێشێت بۆ لكاندنی هەر زەوییەكی فەلەستینی داگیركراو، كە ئەوەش هەنگاوێكی پێشێلكاریی دژ بە یاسای نێودەوڵەتییە.

لەلایەن خۆیەوە یان ئۆسیلبۆڕن، وەزیری دەرەوەی لۆكسمبۆرگ، ڕایگەیاند، من ئێستا دڵخۆشم، چونكە ٢٥ وڵاتی ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا پشتیوانی ئەو بەیاننامەیەمەیان كردووە، ئەو پشتیوانییەش ئەنجامی ئەو دەستپێشخەرییەیە، كە لە ڕۆژی ١٢ی مایس لەگەڵ، سیمۆن كۆڤینی، هاوكاری ئێرلەندییم خستمەڕوو.

بەڵام "زۆر نیگەران" بوو لە پشتیوانی نەكردنی دوو وڵات لە یەكێتی ئەوروپا لەو دۆسیە چارەنوسسازەی ڕاستگۆیی سیاسەتی دەرەوە. 

بەپێی لێدوانی ئۆسیلبۆڕن، لەكاتی گەنگەشەكەی ڕۆژی ١٥ی مایس، هەریەك لە وڵاتانی نەمسا و هەنگاریا، لەبەردەم وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا پشتیوانیكردنی بەیاننامەكەیان ڕەتكردەوە. 

ڕۆژی سێشەممە، پیتەر ستانۆ، وتەبێژی بۆرێلیش ڕایگەیاند، بەیاننامەكە هەڵوێستەكانی یەكێتی ئەوروپا بەبیر دێنێتەوە لە بابەتی پەیوەندیدار بە گرنگیی رێزگرتنی یاسای نێودەوڵەتیی و پشتیوانیكردنی چارەسەری دوو وڵات، بەشێوەیەك كە قودس ببێتە پایتەختی هەردوو وڵاتی داهاتوو و تاكە هۆكار بۆ زامنكردنی ئاشتی و سەقامگیری بەردوام لە ناوچەكەدا.

هەروەها وتیشی: هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا دوپات دەكەینەوە، كە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لەسەری ڕێككەوتوون، لە كۆتایی پرۆسەكە نین، حكومەتی نوێی ئیسرائیل پێكهاتووە و یەكێتی ئەوروپاش ئامادەیە بەشێوەیەكی بونیادنەرانە كاری لەگەڵدا بكات.

لەكۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئۆسیلبۆڕن ڕایگەیاندبوو، ئێمە باسی سزا ناكەین. ئێمە خۆمان لەبارێكی پارێزگاریی دادەنێین و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو دەقە دەقێكی دوژمنكارانە نییە.

راشیگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هاتە سەر جێبەجێكردن و دۆڵی ئوردنی لەكەرتی ڕۆژئاوا داگیر كرد، ئەوە هیچ جیاوازییەكی تێدا بەدی ناكەم لەگەڵ ئەوەی ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ نیمچەدوورگەی قڕم كردی.

ئۆسیلبۆرن هەروەها ڕایگەیاند، نامەوێت لەئێستادا باسی سزا بكەم، دوو مانگمان لەبەردەمدایە تا ١٥ی تەمموز بۆ ڕازیكردنی ئیسرائیل بە دەستهەڵگرتن لەم پرۆژەیە.

هاوكات بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش دووپاتیكردەوە، لەئێستا كاتی جێبەجێكردنی یاسای ئیسرائیلە لەسەر بەشەكانی كەرتی ڕۆژئاوا. 

هەورەها ئیسرائیل پلانی لكاندنی ١٣٠ كۆمەڵگەی یەهوودی لە كەرتی ڕۆژئاوای داگیركراو و دۆڵی ئوردن هەیە، كە لەنێوان دەریاچەی تەبەڕیە و دەریای مردوودا درێژ دەبێتەوە. 

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان 
سەرچاوە: France 24 Arabic