توركمانەكان دژ بە هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بۆ گێڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكێشەلەسەرەكان دەوەستنەوە

کوردستان

21/05/2020‌ 1222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جاسم محەمەد جەعفەر پەڕلەمانتاری توركمانی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح مافی ئەوەی نییە پێشمەرگە بۆ كەركوك یان هیچ پارێزگایەكی تر بگێڕێتەوە.

ئەو دەشڵێت: خەڵكی كەركوك بەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رازی نین و ئەوە جگە لەوەی حكومەتی بەغداش ئەو هەنگاوەی قبووڵ نییە .

جەعفەر لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "ئەخبارییە" باسی لەوەش كردووە، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بەهۆی رەتكردنەوەیان لەسەر ئاستی جەماوەری ڕوونادات، لەگەڵ ئەوەش داعش لەمدواییە لەناوچە كێشەلەسەرەكان دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە.

هەروەك وتی: هەندێك لە سەركردە سەربازییەكانی پێشمەرگە دەیانەوێت گەڕانەوەی چالاكییەكانی داعش لەناوچەكێشەلەسەرەكان بۆ گێڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بقۆزنەوە بەپاساوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانە، كە ئەو هەوڵە لەڕاستیدا جگە لە كارتێكی گوشار بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا هیچی تر نییە .

بەقسەی ئەو سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی یاسایی ئەوەی نییە بڕیار لە گێرانەوەی پێشمەرگە،  یان كشانەوەی هیچ هێزێك لەناوچەكە بدات بێرەزامەندی حكومەتی ناوەندی، كە زۆر بەتوندی دژ بە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەن بۆ ناوچەكێشەلەسەرەكان .

بەپێی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار رۆژی سێشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ شاندێكی سیاسی پارێزگای دیالە كۆبووەتەوە لەپێناو ئەوەی  بڕوایان پێبهێنێت سەرلەنوێ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەناوچە كێشەلەسەرەكان بڵاوەیان پێبكرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، كە كۆبوونەوەكەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ ئەو شاندە سیاسییەی ناوچەی دیارە بەو ئامانجەیە بڕوایان پێبهێنێت بڕیاری گێڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە و دووبارە ئەو هێزانە لەناوچە كێشەلەسەرەكانی سنووری پارێزگای دیالە جێگیربكرێنەوە .

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ڕێكەوتنێكی سیاسی كۆن لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی ناوچەكەدا هەیە و وابڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا كارابكرێتەوە بەمەبەستی دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە قەزای خانەقین و ناحیەی گولاڵە لەناو سنوری پارێزگای دیالە.

سەرچاوەكە وتیشی: بەشێكی ڕێكەوتنەكە خۆی لە كردنەوەی بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە جەلەولا و سعدییە و خانەقین دەبینێتەوە، ئەوە جگە لە گێڕانەوەی هێزەكانی ئاسایشی كوردستان بۆ ئەو بارەگایانە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی