راشید غەنوشی لەبەردەم لێپرسینەوەی حیزبی و پەرلەمانیدا

ڕاپۆرت

24/05/2020‌ 1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوكات لەگەڵ تەنگژەی لێپرسینەوەی لە پەرلەمانی تونس، سەبارەت بە هەڵوێستە دەرەكییەكانی، كە بوونە مایەی مشتومڕو دەمەتەقێیەكی زۆر، ڕاشید غەنوشی لە ناو پارتەكەی خۆشی (جوڵانەوەی نەهزە) و لە لایەن سەركردە دیارەكانی جوڵانەوەكەی، فشاری زۆری لەسەرە.

ئەو سەركردانە پێشدەستییەكیان پێشكەش كردووە بەوەی پێش كۆتایی ساڵی 2020 هەڵبژاردن لە ناو پارتەكەیان بكرێت و سەركردەی تازە بۆ سەرۆكایەتی پارتەكەیان هەڵبژێرن، ئەمەش دژیەكە لەگەڵ كۆششەكانی غەنوشی، كە گەرەكیەتی وادەی كۆنگرەی پارتەكەی دوابخات بۆ وادەیەكی نادیار، سەرباری ئەوەی تووشی سەختی و دژواری بووە لە سەركردایەتیكردنی پارتەكەی و سەرۆكایەتیكردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی.

چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بزووتنەوە نەهزە، باسیان لەوە كردووە پێشدەستییەكەی سەركردەكانی پارتەكە بە ناونیشانی "گروپی یەكبوون و نوێبوونەوە" خراوەتەڕوو، ئەجێندایەكی لە 7 خاڵدا پێشكەش كردووە ‌سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاشید غەنوشی سەرۆكی پارتەكەیان و وادەی كۆنگرەكەیان، كە دواخراوە بە هۆی ساردوسڕی غەنوشی لە گرێدانی.

غەنوشی گەرەكییەتی پێش گرێدانی كۆنگرەی پارتەكەی، دەستەبەری چەند هەمواركردنەوەیەك بكات كە پێشكەشی كۆنگرە بكرێن و ڕێگەی پێ بدەن وەك كەسی یەكەم  بەردەوام بێت لە سەركردایەتیكردنی پارتەكەی.

گروپی یەكبوون و نوێبوونەوە، كە پێشدەستییەكەیان وەئەستۆ گرتووە،‌ بریتین لە هەریەك لە عەبدولكەریم هاڕونی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، ڕەفیق عەبدولسەلام (زاواكەی غەنوشی) ی بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكان، نورەدین عەرباوی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی، موحسن نویشی بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردن، موختار ئەلموشی جیگری سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، فەخرەدین شلیق – ی بەرپرسی نووسینگەی‌ كۆچبەران‌، سوهەیل شابی جێگری سەرۆكی نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، محەمەد قەلەوی بەرپرسی نووسینگەی سەندیكاكان، بەرپرسی دیكەش.

پێشدەستییەكە داوای گەرەنتی دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەكات لە ناو بزووتنەوەی نەهزەدا بە مەبەستی نوێبوونەوەی سەكردایەتییەكەی، ئەمەش‌ بە گوێرەی پەیڕەووی ناوخۆ و دابە و نەریتە دیموكراسی و دامەزراوەییەكان، هەروەها سازان لەسەر چاكسازییەكی پەیكەربەندی قوڵ لە ناو پارتەكەدا.

بزووتنەوەی نەهزە تووشی چەند گرفتێك بووە، بەتایبەتیش لەوەی پەیوەستە بە "دەستاودەستكردنی سەركردایەتی"، لەولاوە غەنوشی دەستی لە دەسەڵات گیر كردووە، لەولاشەوە سەركردەی وەك عەبدللەتیف مەكی وەزیری تەندروستی ئێستا، گەرەكییانە دەستاودەستی دەسەڵات بكرێت.

چاودێران دەڵێن: خستنەڕووی ئەو پێشدەستییە لە لایەن كەسایەتی دیاری نزیك لە غەنوشی وەك عەبدولسەلامی زاوای غەنوشی، یان هاڕونی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، نیشانەیە كە چی دیكە پاساوی پلانگێڕی دەرەكی دادی غەنوشی نادات كە چەندەها ساڵە دەستی پێوەگرتووە، ئەمەش‌ وایكردووە ببێتە سەرۆكی هەتا هەتایی پارتەكەی لەوساوەی دامەزراوە تاوەكو ئێستا.

چەند ئەكاونێكی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیان كردووە بە هێرشكردنەسەر پێشدەستییەكە و ئەوانەی پێشنیاریان كردووە، سەبارەت بە لێپرسینەوە لە غەنوشی لە پەیوەندی و هەڵوێستە دەرەكییەكانی، سەرچاوەی سامانە كەڵەكەبووەكەی كە جێگەی دەمەتەقێ  مشتومڕە، لە كاتێكدا ئەو بۆ ساڵانێكی زۆر هەر خەریكی كاری سیاسەت بووه و كاری دیكەی نەكردووە.
 
سەچاوە نزیكەكان لە بزووتنەوەی نەهزە دەڵێن سەركردە دیارەكانی پارتی نەهزە دەستیان داوەتە تۆمەتباركردنی غەنوشی بەوەی پەیڕەوی لە ئەجێندای توركیا و قەتەر دەكات زیاتر لەوەی بیر لە دۆخی ناوخۆیی حزبەكەی و پاراستنی هاوسەنگییە سیاسییەكان بكاتەوە، هەروەها سیاسەتەكانی غەنوشی لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی هاوپەیمانییەكانیان كە لە ناو حكومەت و پەرلەماندا دروستیان كردوون.

لە نۆڤەمبەری 2019 پارتی نەهزەی ئیسلامی زیاد عەزراوی ئەمیندارە گشتییەكەی‌ لەدەستدا كە دەستی لە سەرجەم پۆستەكانی ئەو پارتە كێشایەوە، دواتریش دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولحەمید جەلاسی بەدواداهات كە پیاوێكی كاریگەی ناو بزووتنەوەكەیە‌، ئەمە جگە لە دەستلەكاركیشانەوەی چەند كەسێكی دیكەی گەنجی دیاری ناو بزووتنەوەكە وەك عەلی ئەلعەریزی كوڕی وەزیری ناوخۆی پێشوو، هیشام عەڕیزی ئەندامی ئەنجومەنی شورا، زیاد بومخلەی ئەندامی ئەنجومەنی شورا.

مشتومڕ و دەمەتەقێ گەرمە سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی ماوەی سەركردایەتی غەنوشی (لە كۆنگرەی نۆیەمەوە دوو خول سەرۆك بووە). چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بزووتنەوەی نەهزە دەڵێن بەرهەڵستییەكی گەورە هەیە لە بەردەوام غەنوشی  لە سەركردایەتیكردنی پارتەكەی، دژ بە هەر ناونیشان دەرەچەیەكی یاسایین كە كارەكە بۆ غەنوشی مەیسەر بكات، عەبدولكەریم مەكی و عەبدولكەریم هاڕون و نورەدین بوحەیری (سەرۆكی فراكسیۆنی نەهزە لە پەرلەمان) سەركردایەتی ئەو هەوڵ و كۆششانە دەكەن.

لەو لاشەوە لەناو پەرلەمانی تونس، فراكسیۆنی حزبی دەستوری ئازاد بە سەرۆكایەتی عەبیر موسا سەركەوتوو بووە لە گەیشتنە سازانێك لەگەڵ 4 فراكسیۆنی پەرلەمانی دیكە بە دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی بۆ گرێدانی دانیشتنێكی گشتی بۆ لێپرسینەوە لە غەنوشی، ئەمەش بە هۆی ئەو سەرپێچییانەی بۆ چەندەهاجار لە سەرۆكایەتیكردنی پەرلەماندا كردوونی، بە تایبەتیش ئارەزووی غەنوشی لە تێپەڕاندنی دەسەڵاتەكانی قەیس سەعیدی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی تونس، دەڵێن غەنوشی دەیەوێت وەك یەكەپیاوی وڵاتەكەی دەركەوێت، چارەنووسی تونسی بەستۆتەوە بە هاوپەمانییە حزبییەكانی لەگەڵ توركیا و قەتەر و لقەكانی دیكەی‌ ئیخوان موسلمین لە ناوچەكەدا، بە تایبەتیش لە لیبیا.

هەینی ڕابردوو، نووسینگەی‌ پەرلەمانی تونس، لەسەر داوای فراكسیۆنی پارتی دەستوری ئازادی تونس، ڕازی بووە لە 3 ی یۆنیۆی ئایندە، دانیشتنێكی گشتی بۆ لێپرسینەوە لە غەنوشی گرێبدات سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەكییەكانی غەنوشی و پشتیوانیكردنی لە دوژمنكاری توركیا دژ بە لیبیا.

سەمیرە سیاحی ئەندامی نووسینگەی‌ پەرلەمان لە لێدوانێكی میدیاییدا وتی: بڕیارەكەی پەرلەمان بە گرێدانی دانیشتنێك لەسەر داوای فراكسیۆنی پارتی دەستوری ئازاد بووە كە لە 217 كورس پەرلەمانی 16 كورسی هەیە، ئەوان داوایەكیان پێشكەش كردووە و ئامانجی ئەوەیە پەرلەمانی تونس دەستتێوەردانی دەرەكی لە لیبیا ڕەتبكاتەوە.

سیاحی باسی ئەوەشی كردووە كە لیستە پێشكەشكراوەكە بە هۆی مانگرتنی فراكسیۆنی دەستوری ئازادەوە بووە لە ناو پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە غەنوشی و پەیوەندییە دەرەكییەكانی و دەستوەردان لە كاروباری دەوڵەتانی دەوروبەر.

سیاحی وتیشی كە فراكسیۆنی نابراو دووبارە داواكەی پێشكەشی پەرلەمان كردۆتەوە و دواكەشی قبوڵكراوە.

سیاحی ئەوەشی وت: 4 فراكسیۆنی دیكەی پەرلەمانی پشتیوانی تۆمەنامەكەی فراكسیۆنەكەیان بوون كە بریتین لە هەریەك لە فراكسیۆنەكانی: بژی تونس (14 كورسی)، دڵی تونس (29 كورسی)، چاكسازی (16 كورسی)، ئایندە (8 كورسی).

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر