ئیسماعیل قائانی سەرپەرشتی پێكهێنانی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی كردووە

عیراق

27/05/2020‌ 1256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "میدڵ ئیست"ی بەریتانی، ئێران دەستتێوەردانێكی گەورەی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی كردووە .

پێگەكە لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوە كردووە كاتێك لە ٣٠ی ئازار قائانی گەیشتووەتە بەغدا، عێراق خەریكی سەپاندنی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینەكردنی شارەكان بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەوە جگە لە هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێك، كە جێگای پشتیوانی و رەزامەندی هەموو كوتلە سایسییەكان بێت و بتوانێت لەدوای شەش مانگ لە چەقبەستوویی سیاسیی ئیدارەی وڵات بكات .

پێگە لە لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە، كە بۆ رۆژی دواتر قائانی سەردانی ژمارەیەك لە سەرۆكی كوتلە سیاسییە شیعییەكان كەوتووە لەناویاندا عەممار حەكیم و نوری مالیكی و هادی عامری و فالح فەییازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.

پێگەكە لەسەر زاری سەركردەیەكی دیاری شیعەكانەوە گواستوویەتییەوە، كە ئەو پەیامەی قائانی لەكاتی سەردانەكەی بۆ بەغدا هەڵیگرتبوو ئەوە بوو، كە پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەبێت بەسەرپەرشتی ئێرانییەكان و بەرەزامەندی سەركردەكانی حەشدی شەعبی و سەركردە شیعییەكان بێت، ئەوان پشتیوانی سەرۆك وەزیرانێكی نەیاری ئێران ناكەن یان ئەگەر بێت و دژایەتی هاوپەیمانەكانی ئێران لەناو عێراقدا بكات.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، دیدارەكەی لەگەڵ كورەكەی سیستانی ماوەی دوو كاتژمێری خایاندووە، لەدیدارەكەدا قائانی پەیامێكی روونی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانی گەیاندووە، كە ئەویش ئەوەیە بڕوابوونی عەلی سیستانی كاری لەپێشینەی ئێرانییەكانە، ئەوان ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی هەر چارەسەرێكەوە بكەن، كە ئەو دەیخاتە ڕوو.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی