عەرەب و توركمانەكان هەڕەشەی دەرهێنانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كەركوك لەژێر دەستی كورد دەكەن

کوردستان

27/05/2020‌ 738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەرەب و توركمانەكانی كەركوك نیگەرانی خۆیان لە كۆنترۆڵكردنی نووسینگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك لەلایەن كوردەوە دەربڕیوە و هۆشداریشیانداوە لەئەگەری دووبارەوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەكاتی ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێك لە ئایندەدا .

لەو بارەیەوە هاوپەیمانی هێزە سونییەكان پێیوایە ناهاوسەنگییەك لە پێكهاتەی نووسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كەركودا  هەیە، كە ئەو بە پارێزگا تێكەڵەكان ناوی دەبات و باسی لەوە كردووە، كە بژاردەی دەستووریان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو نارێكیانە.

رۆژی ٢٣ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق حەوت دادوەری وەك كۆمسیۆنەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستنیشان كرد.

پێش ئەوە لە ٥ی كانوونی یەكەم ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دابوو، كە لە ماددە سێ بڕگەی یەكەم دەڵێت: ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە حەوت ئەندام پێكدێت.

لەكۆی ١٤ ئەندامی نووسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێكهاتەی كورد ٦ ئەندامی بەركەوتووە، كە دەكاتە ٤٣٪ ،  توركمان ٤ ئەندامی هەیە، كە دەكاتە ٢٩٪ی پێكهاتەی كۆمسیۆنی كەركوك، عەرەب ٢ ئەندام، كە دەكاتە ١٤٪ ، یەك ئەندامیش بۆ پێكهاتەی مەسیحی، كە دەكاتە ٧٪ ی پێكهاتەی كۆمسیۆنی كەركوك، یەك ئەندامیش یەكلایی نەكراوەتەوە .