بەغدا ماوەی 30 رۆژی بۆ حکومەتى هەرێم داناوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی

کوردستان

27/05/2020‌ 1052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە بەم زوانە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و حكومەتی ناوەندی تەنها 30 رۆژی وەك ماوە داناوە بۆ رێكەوتن لەنێوان هەردوولادا.

شێروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە پێگەى فەرمى یەکێتى راگەیاندوە، وەك بڕیاربوو لەدوای جەژن وەفدێكی حكومەتی  هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ قسەكردن لەسەر رێكەوتنی كۆتایی لەنێوان هەردوولادا لەسەر بودجەو كۆی كێشەكانی نەوت و خاڵە سنوریەكان و داهاتی ناوخۆ.

ئاماژەى بەوەشکردوە، بەپێی بەرنامەی گفتوگۆكان، حكومەتی ناوەندی 30 رۆژی لەبەردەم حكومەتی هەرێم داناوە، بۆ ئەوەی لەسەر كۆی كێشەكانی نەوت و خاڵەسنوریەكان و داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە بودجەیەی لە پڕۆژە یاسایی 2020 بۆ هەرێم دادەنرێت جێگربكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردوە، بەمزوانە وەفدێك لەحكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و گفتوگۆكان دەست پێ دەكەنەوە.

لەلایەکى دیکەوە لەو بارەوە بەختیار حاجی، ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەمیانی لێدوانێكدا رایگەیاند، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رەزامەندییان نیشان داوە، كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، بۆیە دوای پشووی جەژن شاندی هەولێر سەردانی بەغدا دەكات و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر دەكرێن.

هەروەها ئاماژەى بەوەشکردوە، حكومەت رەزامەندیی نیشان داوە و دوای جەژن 400 ملیار دینارەكەی دیاری كردووە، بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات و بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەن.

س.هـ