بەهادین نوری: هەردوو خێزانی بارزانی و تاڵەبانی بەرپرسیارن لەم دۆخە کارەساتبارەی هەرێم

کوردستان

28/05/2020‌ 1262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهادین نوری، سیاسەتمەدار و سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عێراقی، لە چاوپێكەوتنێکدا لەگەڵ سایتى "پەرەگراف" باس لە كابینە حكومییەكەی مەسرور بارزانی دەكات و پێی وایە كە تا ئێستا سەركەوتوونەبووە و نەیتوانیوە مۆدێلێكی جیاواز پێشكەش بكات، لەبارەی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمیشەوە دەڵێت، تا شەفایەت لە لایەنی قەرزدەر و بڕ و چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو قەرزانە نەخرێنەڕوو، ئەوا جێی باوەڕ نییە.

پرسیار: هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ دواین قسەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کە دەڵێت هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزدارە؟
بەهادین نوری: هەموو کەسێکی هۆشیاری ئەم وڵاتە دەزانێت کە لە ماوەی 29 ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێمدا، ساڵانی گەندەڵکاری و لادانی پارەی بودجەی گشتی بووە بەپێی ویژدان و ئارەزووی سەرانی دەسەڵاتداری هەرێم. هەر لە ساڵی 1992ەوە ئەم پرۆسەیە دەستی پێ کردووە و تا ئەم چرکەیەش هەر بەردەوامە. بەڵگەش لەسەر ئەمە زۆرە و ڕۆژانە ئەم ڕاستییە دوپات دەبێتەوە. ئاشکرایە ئەو قەرزە وەک حکومەت کراوە، کاک مەسرور دەڵێت هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە و هەموو خەتاکەشی دەخاتە سەر ئەوانەی پێش خۆی حکومیان کردووە. ئەوانەش ئاشکران کە باوکی کاک مەسرور و ئامۆزاکەی بوون.

ئاشکرایە کە حکومەت دەبێ قەرز یان لە دەوڵەتێک یان لە بانقێکی گەورە بکات، ئەگەر شەفافیەت هەبێت، دەبێت وردەکاریی ئەم قەرزانە هەمووی ئاشکرا بکرێن، بە بڕی قەرز و ئەو لایەنانەی قەرزەکانیان لێ کراوە، هەروەها چۆنیەتی خەرجکردنی هەموو ئەو پارانەش. بۆچی بۆ تەنانەت یەک جاریش ناڵێن قەرزیان لە کێ کردووە و بەڵگەنامەی قەرزەکانیان بڵاونەکردووەتەوە؟ خەڵک باوەڕ بە قسەی ڕووت ناکات. ئەوەی وتراوە هەمووی قسەی ڕووتە و هیچ بەڵگەنامەیەک پاڵپشتیی ناکات. قەرز لە هەر دەوڵەتێک کراوە، پێویست ناکات بشاردرێتەوە. کە شاردرایەوە دیارە کە گومان، بگرە یەقینیش هەیە کە ئەوەی ئەو قەرزانە ناڕاستن. لە هەر کوێیەک کەمێک شەفافیەت و دیموکراسییەت هەبێت، دەبێت ئەو شتانە هەمووی بڵاوبکرێنەوە. بەڵام لای ئێمە تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش نازانێت ئەو قەرزانە چۆنە و بۆچی کراون. پێویستە لانی کەم لیژنەیەک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دروست بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە و ئەوان یەکلایی بکەنەوە ئایا ئەو قەرزانە بنەمایان هەیە یاخود نا.

ئەگەر ئەو قەرزانە ڕاستیش بن، ئەی لە چیدا خەرج کراون؟ بۆچی نەیانتوانی مووچەی پێ بدەن؟ ئەو مووچەیەشی دابەشکراوە بەغدا ناردوویەتی و داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوت چوونەتەوە بۆ خۆیان. کوا کارخانە و پرۆژە گەورە ئابوورییەکانیان؟ جگە لە هەندێک باڵەخانەی کەسیی و ڕێگاوبانێکی خراپ، چی تر بۆ هەرێم کراوە؟ کوا هێڵی شەمەندەفەر لە زاخۆوە بۆ خانەقین؟ ئەو هێڵەی لە سەردەمی پاشایەتیشدا کرابوو نەماوە، ئەمان نەیانتوانی زیندووی بکەنەوە. کوا گەشەپێدان بە کشتوکاڵ کە دەبوو بە پایەیەک بۆ ئابووریی هەرێم؟ ئەو کشتوکاڵەی لە سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی سەدامیشدا هەبوو، ئەمان لەناویان برد. تاکە شتێک کە کردوویانە ملکەچکردنی هەموو شتێک بووە بۆ بەرژەوەندیی حزبایەتی تەسک، ئەوەش بووەتە هۆی تێکشکان و پاشەکشەیەکی گەورە بۆ هەرێم. سەرەڕای ئەوانەش، هەرچی بواری ئیشکردن و بازرگانیکردنە دەستی بەسەردا گیراوە بۆ نوخبەی حوکمڕانان، وەک بازرگانیی مۆبایل و پەیوەندییەکان، پڕۆژەی هەناردەی هەندێک مەواد کە قازانجێکی ئێجگار زۆرە، بۆ نموونە بازرگانیی دەرمان کە دەوترێت تەنانەت دەرمانی بەسەرچوویش هاوردە دەکرێت. ئەگەر هەموو ئەمانە بە پارەی گەندەڵکاریی نەکرابێت، پێم ناڵێن ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانەتان چۆن دروست کرد؟ لە پارەی کێ؟ لە کوێ هێناتان؟

پرسیار : هەندێک پێیان وایە کە وتارەکەی مەسرور بارزانی پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە بەو پێیەی بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر نێچیرڤان بارزانیی ئامۆزای و تۆمەتباری کرد بە شکستهێنانی لە حکومڕانیی هەرێمی کوردستاندا، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو بابەتە چییە؟

بەهادین نوری: ئاشکرایە کە لەم ساڵانەی دواییدا ململانێیەکی توند هەبووە لە نێوان هەردوو ئامۆزا کاک نێچیر و کاک مەسرور، ئەمە لە ڕاگەیاندنی هەردوو لا بینراوە و لە ڕاگەیاندنەکانی دیکەشدا بە درێژی و بە بەڵگەوە قسەی لەسەر کراوە. ئێستاش ئەو ململانێیە هەر بەردەوامە، دیارە ئەم وتارەی سەرۆک وەزیران پەیوەندیدارە بەو ململانێیە، کاک مەسرور دەیەوێت خۆی دووربخاتەوە لە بەرپرسیار ێتی و هەموو هەڵە و پۆخڵەواتەکانی پێشوو. کاک نێچیرڤانیش بێدەنگ نەبووە و هەوڵی پێچەوانەی هەبووە و هەر دەشیبێت. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە هەردوو لایەک بەرپرسیارن، هەروەها هەردوو خێزانی بارزانی و تاڵەبانی بەرپرسیارن لەم دۆخە کارەساتبارەی هەرێم. لەهیچ وڵاتێکی ئاسایی دیموکراتی لە جیهاندا نییە کە باوک و کوڕ و برازا دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنەدەست جگە لەم هەرێمە نەبێت، یاخود هەندێک وڵاتی کەنداودا کە ئەوانە هەمووان دەزانن چین و لەکوێوە هاتوون. ئەم شێوە بنیاتنانە لە حکومەت و دەسەڵاتداریدا خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دۆخی ئەم هەرێمە زۆر ناتەواو و ناسروشتی و نا یاساییە. ئەگینا لە چەندین ملیۆن دانیشتوانی هەرێمدا، کە دەیان هەزار کەسی ڕۆشنبیر و سیاسی تێدایە، لە ماوەی ئەم 29 ساڵە ڕابردوودا کەسێک نەبوو حکومڕان و سەرۆک وەزیر بێت جگە لە ئەندامانی خێزان لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار؟ 

پرسیار: ئایا پێتان وایە کابینەکەی مەسرور بارزانی تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؟
بەهادین نوری: سەد مەخابن ناتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی کاک مەسرور سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵکو ئەمیش چووە پاڵ کابینەکانی کاک نێچیری ئامۆزای. کامەیە سەرکەوتن؟ تەنانەت نەیتوانی مووچەش بە باشی بدات و هیچ قەرزێکیشی لە پاشکەوتی مووچی فەرمانبەران بداتەوە. ئەوەی پێی بڵێی ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی و گەشەپێدانی کشتوکاڵی هیچی نەکردووە. جگە لەوانەش و لەهەمووی خراپتر، لەسەرەتای حکومڕانییەوە لە ساڵی 1992 پەراوێزێکی بچووکی دیموکراسی و ئازادی هەبووە، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دیموکراسییەکی ڕاستەقینە لەم هەرێمە نەبووە بە ئێستایشەوە. ئێستا ئەو پەراوێزەیش لە مەترسیدایە، بۆ نموونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، بەڵام بەشی زۆریان گیران و زیندانی کران وەک چۆن لە هەموو دەوڵەتێکی دیکتاتۆریدا ئەو کارە ئەنجام دەدرێت. لەچەوتییەکانی دەسەڵاتدا هیچ شتێک ڕاست نەکراوەتەوە و هەمووی وەک خۆی ماوەتەوە، لەهەمووی مەترسیدارتر تێکەڵبوونی حزب و دەوڵەتە و جیاوازیی لە نێوان حزب و دەسەڵاتدا نەماوە، حزب خۆی دەسەڵاتە و بەرپرسیانی حزب ڕاستەوخۆ بەرپرسی هەموو شتێکن. میلیشای هەردوو حزبەکە هەر وەک خۆی ماون و ئەو دوو حزبە ناشتوانن میلیشاکانی خۆیان لاببەن، چونکە هیچیان تەنازول لە دەسەڵات ناکەن. ئەگەر لایەکیشیان بیەوێت سوپا دروست بکات، ئەوا لایەنەکەی تر هەر دەستبەرداری هێزی چەکداری خۆی نابێت. بۆ نموونە ئەگەر ئێستا کە پارتی بەهێزترە سوپا لەژێر سەرپەرشتی ئەودا دروست بکرێت، واتە میلیشیایەکی گەورەتر بۆ پارتی دروست دەبێت. سوپا دەبێت حکومەت دروستی بکات کە خۆی حکومەتی حزب نەبێت و حکومەتی نیشتمان بێت. 

پرسیار: مەسرور بارزانی باس لەوە دەکات کە ڕێگریی هەیە لەبەردەمیدا بۆ چاکسازی، ئایا پێتان وایە کێ دەتوانی ڕێگری لەو بکات تا چاکسازیی ئەنجام نەدات؟
بەهادین نوری: ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە ئەو ڕێگریانە چین تا گفتوگۆی لەبارەوە بکەین. ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە. ئەگەر وابێت، ئەوا خەتای خۆیانە و خەتای میللەت نییە. ئەم ڕۆژانە پارتی تۆمەتبارکراوە کە دژی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی سلێمانییە بەو پێیە ئەو شارە ناوچەی نفوزی خۆی نییە. من ماوەیەک لەمەو پێش داوامکرد لەبری یەک ئیدارەیی، کە لە ڕاستییدا هەر دوو ئیدارەییە، بە شێوەی ئاشتییانە و بە گفتوگۆ هەرێمی کوردستان بکرێت بە دوو ئیدارە و هەردوو ئیدارەکە لەڕێی خزمەتکردنی هاوڵاتیانەوە کێبەرکێی یەک بکەن.

پرسیار: پێتان وایە مەسرور بارزانی بتوانێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ڕێک بکەوێت؟ 
بەهادین نوری: سەرەتا لایەنە کوردییەکان کارێکی باشیان کرد کە دەنگیان دا بە مستەفا کازمی تا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت، لەبەر ئەوە نا کە کازمی کەسێکی شیاستەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دۆخەکە گەیشتبووە حاڵێک کە تەنها ئەو کارە دەکرا. بەڵام بەداخەوە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەردەمی نوری مالکییەوە تا ئێستاش لەسەر مامەڵەی پول و پارە وەستاوە. هەڵوێستی هەرێم پەیوەستکراوەتەوە بە پرسی بودجە و مووچە. چارەسەری بنەڕەتیی ئەوەش ئاسان بوو و دەکرا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا چارەسەر ببێت. دەکرا سەرژمێرییەکی گشتی بکرایە و لەسەر ئەو بنەمایە پشکی هەرێم دیاریی بکرایە، بەڵام هیچ لایەنێکیان نەیانتویستووە ئەو کارە بکەن. هەردوولا لەسەر بنەمای بەرژوەندی خۆیان دانوستانیان کردووە نەک بەرژەوەندیی گەلی عێراق و گەلی کوردستان. من پێم باشە کە دانوستانەکان بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراق بێت بە کوردستانیشەوە نەک تەنها بۆ بەرژەوەندەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم. ئەمڕۆ پرۆسەی چاکسازیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بریتییە لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن، بەبێ ئەوە هیچ چاکسازییەک سەقامگیر نابێت. گلەیی زۆر هەیە لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کە گوێیان نەداوەتە ئەوەی حکومەتی هەرێم چ کارێکی بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی ئەنجام داوە. دەبێت بنەمای پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراق بە عەرەب و کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەشەوە. پێم وایە گەلی کورد مافی چارەنووسی خۆی هەیە و دەشبێت ئەو مافە وەربگرێت زوو بێت یاخود درەنگ، بەڵام داوای ئەوە لە مستەفا کازمی ناکرێت، بەڵکو ئەو داوایە دەبێت ئاڕاستەی عێراقێکی دیموکراتی بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ داواکراوە بوونی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لەنێوان هەولێر و بەغدا کە هیچ لایەکی تێیدا مەغدور نەبێت و گەشە بدات بە دیموکراسی. دەمەوێت بڵێم کێشەی دیموکراستی لە عێراقدا ئاسانترە بەبەراورد بە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا شەش سەرۆک وەزیران لە بەغدا گۆڕدراون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 29 ساڵی ڕابردوو هەموو شتێک بەدەست هەردوو خێزانی دەسەڵاتداربووە و هیچ کەس چانسی نییە. داوا لە کاربەدەستانی هەرێم دەکەم هیچ نەبێت لەوەدا چاو لە بەغدا بکەن.