پێش دانوستان لەگەڵ ئەمریكییەكان میلیشیاكان هەڕەشە لە كازمی دەكەن

ڕاپۆرت

29/05/2020‌ 1311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی دبلۆماسی باڵا ئەوەیان ئاشكرا كردووە،‌ كە گروپە چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران، دەبنە یەكێك لە خاڵەكانی گفتوگۆی ئایندەی نێوان واشنتۆن و بەغدا.

ئەو سەرچاوانە باسی ئەوەشیان كردووە، وەزارەتی دەرەوەی هەردوولا، دەستیانكردووە بە ئاڵوگۆڕی تێبێنی و سەرەنجەكانیان سەبارەت بە دانانی خشتەیەكی كاری دانوستانەكانیان، باسیان لەوەش كردووە، لایەنی عێراقی نوێنەرایەتی هەرسێ پێكهاتەكەی عێراق (شیعە، كورد، سونە) لە شاندی دانوستانكاریدا ڕەچاو دەكات.

لە ناوەڕاستی مانگی ئایندە،‌ بە مەبەستی ڕەنگڕێژكردنی شێوازی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات، عێراق نیازی وایە لە بەغدا دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستپێبكات،  ئەمەش‌ دوای ئەوە هات كە هێزە شیعەكان لە یەنایەری ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراق، دەنگیاندا بۆ وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكاندا له وڵاتەكەیان.

سەركردەی یەكێك لە میلیشیا چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران، هۆشداری ئەوەیدا لە ئانوساتی دانوستان لەگەڵ ئەمریكییەكاندا، نابێت حكومەتی عێراق خوێنی شەهیدان و هەتیوان و بێوەژنەكانی لە بیر بچنەوە.

ئەبو ئەلا وەلائی سەركردەی میلیشیاكانی "سەید ئەلشوهەدا"، كە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ئێراندا هەیە لەو بارەوە دەڵێت: دانوستانە فەرمییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا بەم زووانە دەستپێدەكەن، بۆیە لەسەر دانوستانكاری عێراقی پێویستە لەو كاتەی داوا لە ئەمریكییەكان دەكات لە عیراق بچنەدەرەوە، خوێنی شەهیدان و هەتیوو و بێوەژنەكانیان لەبیر بێت، ئەگەرنا ئەو دانوستانكارە ناپاكە.

وەلائی ئەوەشی وت: ئەگەر دانوستانكاری عێراقی پێی وابێت تاكە سەربازێكی ئەمریكی مافی مانەوەی هەیە لە وڵاتدا، ئەوا ئەو دانوستانكارە ناپاكە. ولائی ئەوەشی گوت كە ئەوان بە چڕی چاودێری دانوستانەكان دەكەن، ئەگەر‌ بڕیاری وەدەرنانی ئەمریكییەكانیاندا ئەوا كارێكی باشە، ئەگەرنا، ئەوا مانەوەی ئەمریكییەكان و بێدەنگی ئێمە ناپاكییە.

فشاركردنە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سەردەمی حكومەتەكەی عەبدولمەهدیدا لە توانادا بوو، بەڵام لە سەردەمی كازمیدا، پێناچێت كاریگەریەكی ئەوتۆی هەبێت.

لەوانەیە ئەمەش‌ هۆكاری ئەوە بێت كە پەیامەكەی وەلائی – وەك پیشەی هەمیشەیی میلیشیا چەكدارەكان- خاڵی بوو لە بڕگەی هەڕەشە و گوڕەشە، بۆیە تەنها ئەوانەی بە ناپاك لە قەڵمداوە كە بێدەنگ دەبن، ئەمەش‌ نیشانەیەكە بۆ ئەوەی بەلایەنی كەمەوە لە ماوەیەكی نزیكدا، ئەو میلیشیا چەكدارانە دەستەوەستانن لەوەی هیچ جوڵەیەك دژ بە ئەمریكییەكان بكەن.

پێشتریش جەواد تیباوی بەرپرسی عەسائیبی ئەهلی هەق كە نزیكە لە ئێران گوتبووی كە ڕازیبوون بە دانانی كازمی بە سەرۆك وەزیران وەك ئەوە وایە بە زۆری زۆردرای گوشتی مرداربووەوە بخۆیت.

بەڵام كازمی ناتوانێت بە ئاشكرا داوا لە ئەمریكییەكان بكات بڕیارەكەی‌ پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بوونی سەربازییان فەرامۆش بكەن، سەرباری ئەوەی بڕیارەكە هی شیعەكانە و  ‌ مەترسییەكانی كورد و سونەكانی لەبەرچاو نەگرتوون، كەچی هێشتا ئەو داوایە سەختە و دەشبێتە هۆی ئەوەی‌ ئێران شەڕێكی بەلەجیاتی دژ بە حكومەتەكەی بەرپا بكات.

لە ئانوساتی ئێستاشدا، حكومەتەكەی كازمی بەرگەی ئاكامەكانی ئەو جۆرە جەنگانە ناگرێت، چونكە لە سەرەتادایە و بە هۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوتیشەوە تووشی دۆخێكی دارایی سەخت بۆتەوە، ئەمە جگە لەو كۆتوبەندە زۆرانەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرنا سەپاندوونی.

چاودێران دەڵێن: ئێران پەی بەو لاوازییە گەورانە دەبات كە لە ئێستادا دەوری كازمی- یان داوە، بەڵام شتە خراپەكە بۆ ئێران ئەوەیە كە خودی خۆشی بەدەست هەمان دۆخی هاوشێوەی عێراقەوە دەناڵێنێت، ئەمە جگە لەوەی تەنگژەی ئابووری بەرۆكی گرتووە و سزا ئەمریكییەكانیش شەكەتیان كردووە.

چاودێرە سیاسییەكان لە مەودایەكی نزیكدا چاوەڕێی ئەوە ناكەن عێراق بە گەرموگوڕییەوە بەرەو ئامێزی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بچێت، سەرشێتی ئەوەش‌ ناكەن بەلای ئێراندا بیشكێننەوە، چونكە ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی پێكدادانی لەگەڵ بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا.

چاودێران پێیان وایە عێراق لە دانوستانەكانی ئایندەدا، هەلێكی گەورەی لەبەردەم دایە پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا برەوپێبدات، ئەمەش‌ لەبەر زۆر هۆكار، وەك ئەوەی كازمی لە سەرووی هەڕەمی دەسەڵات دایە، نوێنەری كورد و سونەكان بەشداری دانوستانەكان دەكەن و دەتوانن هەر توندڕەووییەكی هەڵوێستی شیعەكان سەبارەت بەو پرسە خاوكەنەوە.

بەڵام برەودان بە پەیوەندییەكانی واشنتۆن – بەغدا، هەرا و زەنایەكی میدیایی بۆ ساز ناكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئێران و هاوپەیمانەكانی پێ قەڵس و سەغڵەت نەبن لەم قۆناغەی ئێستادا.

فالح فەیازی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و نزیك لە ئێرانییەكان و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، دانی بەوەدانا كە عێراق ئومێدەوارە دانوستانەكانی ئاینده،‌ پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن پتەوتر بكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لەم دوایانەدا ئەمریكا گەورەتر و ڕێزدارانەتر لە جاران لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دەڕوانێت سەبارەت بە كردنەدەرەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق.

ئەو بۆچوونە‌ی فەیاز و هادی عامری و نوری مالكی كە نزیكن لە ئێرانەوە، لەسەر ئەو بیرۆكە بەندە كە مانەوەی ئەمریكییەكان لە عێراق مەرج نییە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا.

ئەو سەركردانە پێیان وایە لەدەستدانی ئەمریكا سەركێشییەكی گەورەیە، بەڵام توڕەكردنی ئێران بە مانەوەی ئەمریكییەكان سەركێشییەكی گەورەترە. 

ئاژانسی هەوڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی ئێرانییەوە دەڵێت: هەندێك كات پێویستە هەنگاوێك بكشێیەوە دواوە، لەسەر بنەمایەكی واقیعییانەش چاودێری دۆخەكە بكەیت و پلانیش دابڕێژی.

بەرپرسە‌ ئێرانییەكە ئەوەشی وتووە: ئەوان دەیانەوێت ئەمریكییەكان ناوچەكە جێبێڵن. ئەگەر پشێویش لە عێراقدا بەردەوام بێت... ئەمریكییەكان وەك پاساوێك بۆ مانەوەیان ، ئەو پشێوییە دەقۆزنەوە.

بەرپرسێكی خۆرئاواش دەڵێت: پێدەچێت تاران لە ئێستادا ئارەزووی ئەوە بكات بارگرژییەكانی لەگەڵ واشنتۆندا سنوردار بكات، بەڵام كەڵكەڵەی فراوانخوازییەكەی‌ لە ناوچەكەدا كە پشت ئەستورە بە هاوپەیمانەكانی لە لوبنان و سوریا و یەمەن، ئاماژەنین بۆ ئەوەی تاران بیەوێت بە تەواوی ئەو بارگرژییانە كۆتایی پێبێنێت.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە