ئەسەد پێش ماڵئاواییكردن ئەوەی ماوەیشە ڕادەستی ڕوسیای دەكات

ڕاپۆرت

30/05/2020‌ 5881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەواڵەكان لە سوریاوە دەڵێن: ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا، داوای لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ڕوسیا كردووە،‌ كە داوا لە ڕژێمی سوریا بكەن دەستبەرداری چەند دامەزراوە و باڵەخانەیەكی سوریابن، تا بخرێنەسەر بنكە سەربازی و دامەزراوە ڕوسییەكانی‌ سوریا.

شارەزایانیش پێیان وایە ئەو داوایەی سەرۆكی ڕوسیا ناماقوڵ نییە، بەڵكو یەكانگیرە لەگەڵ داشكاندنەكانی سوریا و تێوەگلانی بەشار ئەسەد، كە یاری بەچارەنووسی سوریاوە دەكات، بەوەی لە پێناو كورسی لەرزۆكی سەرۆكایەتییەكەیدا، هێزەكانی ڕوسیا و پێشتریش هێزەكانی ئێرانی هێناوەتە ناو وڵاتەكەیەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنتەرفاكسی ڕوسی، لەسەر زاری قسەكەری حكومەتی ڕوسییەوە بڵاویكردەوە، ڤلادیمێر پۆتین فەرمانی بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە،‌ دەستبكەن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشقدا، سەبارەت بە ڕادەستكردنی باڵەخانە و دامەزراوەی تازەی سوری بەلایەنی سەربازی ڕوسیا، هەروەها ئاسانكاری زیاتر بۆ فراوانكردنی توانستی هێزە دەریاییەكانیان لە سوریا.

ڤلادیمیر پۆتین ڕەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیارەی حكومەتی وڵاتەكەی نیشانداوە سەبارەت بەواژووكردنی پڕۆتۆكۆڵی ژمارە (1) ی تایبەت بە ڕادەستكردنی موڵكوماڵی نەگوازراوە و ناوچەیی دەریایی سەرباری دیكە، ئەمەش وەك پاشكۆیەك بۆ ڕێككەوتننامەی ئۆگستۆسی ساڵی 2015 ی نێوان مۆسكۆ و دیمەشق، كە تایبەتە بە جێگیركردنی سیستەمی چەكی ئاسمانی ڕوسی لەسوریا.

 پۆتین ئەو ئەركەشی بەهەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی وڵاتەكەی سپاردووە، كە دانوستانەكان لەگەڵ بەشار ئەسەد لەوبارەوە دەستپێبكەن و پڕۆتۆكۆڵە تازەكەش واژوو بكەن.

ئەو بڕیارەی پۆتین ڕێگە بە هەردوو وەزارەتی ناوبراو دەدات گۆڕانكاری لە ڕەشنووسی بنەما لاوەكییەكانی پڕۆتۆكۆلەكەدا بكەن، كە حكومەتی ڕوسی لەسەری ڕەزامەند بووە.

ڕوسیا دوو دامەزراوەی سەربازی هەمیشەیی لەسوریا هەن، كە بریتین لەبنكەیەكی ئاسمانی لە پارێزگای لازقییە و بنكەیەكی دەریایی لەتەڕتوس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.

پێشتر بەشار ئەسەد ستایشی ڕۆڵی ڕوسیای كردبوو، كە سوپاسگوزاری خۆشی بۆ پۆتین دەربڕی بوو لە بەرانبەر ئەو پشتیوانییە گەورەی مۆسكۆ، كە لە بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆرستەكان و سەروەری سوریادا پێشكەشی دیمەشقی كردوون‌.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیك- ی ڕوسی، مۆسكۆ لەمانگی ڕابردوو، لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، بە هێنانی ئامێری جەنگی و هێزی سەربازی، پەرەی بە هێزەكانی خۆی داوە لەبنكەی سەربازی فڕۆكەخانەی قامیشلی، هەر بە گوێرەی ئاژانسەكە، پۆلیسی سەربازی ڕوسیا، پشتیوانی زیاتری بۆ بنكە‌ سەربازییەكەی لە باكوری پارێزگای حەسەكە‌ دابینكردووە، ئەو هێزانەشی لە شاری سەرێكانی لە باكوری ڕەقەوە هێناون بۆ بنكەكە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە كاروانێكی سەربازی لە 20 ئامێر و زرێپۆشی ڕوسی و دەیەها سەرباز پێكهاتبوون، دوای ئەوەی بەڕێگەی‌ نێودەوڵەتی (حەلەب- ڕەقە -حەسەكە) دا تێپەڕیوون، كە بە ڕێگەی‌ ئێم فۆڕ ناسراوە، هاتوونە ناو فڕكەخانەی قامیشلییەوە.

شارەزایان تێبینی ئەوەیان كردووە بەشار ئەسەد، كە لە ئێستادا بوونی شتێیك زیادەیە لە سوریا بە ئەژنۆدا كەوتووە و هاتۆتە ‌سەرچۆك، پۆتین–یش گەرەكییەتی ناچار بە داشكاندنی زیاتری بكات لە بەردەم سورییەكاندا، تاو زیاتر سوك و ڕسوا و زەبوونی بكات.

شارەزایان باسیان لەوەش كردووە، ئەوەی ئەسەد لەگەڵ ڕوسیا كردوویەتی و ئەو داشكاندنانەی پێشكەشی كردوون، پێشتریش پێشكەشی ئێرانی كردوون، بەمەش ئێران دەستی گرتووە بەسەر دیمەشق و زۆرێك لە شارەكانی دیكەی سوریادا.

سەرچاوە: بەغداد پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر