رێــكــخــراوی داعــش هــەڕەشــە لــە وڵاتــی قــەتــەر دەكـــات

مەلەفی تایبەت

31/05/2020‌ 1706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بە هۆی ئەو بەیاننامەیەوە، كە ناڕەزایی بەرانبەر‌ قەتەر دەربڕیووە، بە هۆی ڕۆڵی بنكەی "عەدید" لە قەتەر لە بە ئامانجگرتنی ڕێكخراوەكە، پرسیارگەلێك سەبارەت بە ئانوساتی ئەو بە ئامانجگرتنە سەریهەڵداوە. 

پێدەچێت چەند پەیامێكی تایبەت لە پشت ئەو بەیاننامەوەبن، لەوانەشە‌ پێویستییەكە قەتەری بێت، بەوەی بە هۆی بەیاننامەیەكی لەوجۆرەوه،‌ دەوحە بیەوێت ئەستۆپاكی دەستكەوێت لەو پەیوەندییە گوماناوییەی بەو ڕێكخراوەوە هەیەتی.

پێنجشەممەی ڕابردوو، داعش بەیاننامەیەكی هەڕەشەئامێزی دژ بە قەتەر‌ بڵاوكردووەتەوە، تێیدا بەوە تۆمەتباری كردووە پشتیوانی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كردووە، ئەمەش‌ لە ڕێگەی تۆمارێكی دەنگی تازەی قسەكەری فەرمی ڕێكخراوەكەوە،‌ كە لەسەر واڵی ڕێكخراوەكە لە ئینستاگرام بڵاویكردووەتەوە.

ئەبو حەمزە قوڕەشی قسەكەری فەرمی داعش وتی: بیرمان نەچووەتەوە، كە بنكەی سەربازی "عەدید" ستەمكارانی قەتەر لەسەر خاكەكەیان بنیاتیان ناوە، پێشتر و ئێستاش بنكەی سەركردایەتیكردنی هەڵمەتێكی خاچپەرستی بووە دژ بە موسوڵمانان لە خوراسان و عێراق و شام و یەمەن، ئەمەش‌ ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی  بەسەرۆكایەتی ئەمریكا دژ بە بزووتنەوە جیهادییەكان.

قوڕەشی قەتەری بەوە تۆمەتبار كردووە، كە ئەو لایەنانەی پارەدار كردووە لە سوریا و عێراق  دژ بە جیهادییەكان دەجەنگن.

شارەزایان وای بۆدەچن، كە ئامانجی ئەو بەیاننامەیە یان فشاركردنە بۆ سەر قەتەر تا پشتیوانی دارایی خۆی بۆ ڕێكخراوەكە زیاتر بكات، یان چارەسەرێكی جێگرەوەیان بۆ بدۆزێتەوە، لەوانەش لەم دۆخەكەدا، بە هۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا و لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكانی، دەوحە بەشێوەیەكی كاتی‌ پشتی لە هاوپەیمانەكانی كردبێت، بە تایبەتیش ئابوورییەكەی بە هۆی بایەكۆتی چەند چوار دەوڵەتی عەرە‌بییەوە،‌ چووەتە ساڵی سێیەمەوە، كە گرفتی گەورەی بۆ دروست كردووە، سەرباری ئەوەش هێشتا قەتەر‌ لەسەر سیاسەتە لوتبەرزییەكەی خۆی‌ بەردەوامە و بارگرژییەكانی خاونەكردوونەوە.

شارەزایان دەشڵێن بەیاننامەكە نیشانەیە، داعش دوای ئەو گوزە كوشندانەی لە سوریا و عێراق بەریكەوتن، هاواری لێهەستاوە و دەستەوەستانە لە بەردەوامبوون لەچالاكییەكانی، بۆیە هەڕەشەی لە هاوپەیمانە دێریینەكانی كردووە كە بەردەوامبن لە پارەداركردنی، ئەوەی جێگەی‌ سەنجیشە كە بەیاننامەكە بێ بوونی هیچ بۆنە و یادێك لە دژی قەتەر دەركراوە، ئەمەش گومانی زۆری خستۆتەسەر ئامانجە شاراوەكانی بەیاننامەكە.

چاودێرانی دۆخی كاروباری كەنداو دەڵێن، واباوە كە داعش دوای بە ئامانجگرتنی بنكە و بارەگا سەربازییەكانی، بەیاننامە لە دژ ئەمریكا و سعودیە و عێراق دەر بكات، بۆیە ئەو بەیاننامەی دژ بە قەتەر‌ دەریكردووە جێگەی گومانە.

چاودێران ئەوەش دەڵێن بەیاننامەكە پێش هەفتەیەكە لە یادی سێیەم ساڵوەگەڕی بایەكۆتی دەوڵەتانی كەنداو بۆ قەتەر، ئامانجیشی بەخشینی بڕوانامەیەكی ئەستۆپاكییە بە دەسە‌ڵاتدارانی قەتەر  تاوەكو له بری دۆزینەوەی‌ دەرەچەیەك بۆ تەنگژەكەیان، لە‌ "سیاسەتی هەڵاتن بۆ پێشەوە" بەردەوامبن.

پێشتر میسر و ئیماڕات و سعودییە و بەحرێن، بە تۆمەتی پشتیوانیكردن لە تیرۆر، لە یۆنیۆی 2017 وە،  بایەكۆتێكی دبلۆماسییان بەسەر قەتەردا سەپاندووە. بایەكۆتەكە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئابووریشی لەگەڵدایە وەك داخستنی سنورە ووشكانی و دەریاییەكانیان، قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بواری ئاسمانی و سەپاندنی كۆتوبەند بەسەر جوڵەكردن بەرەو قەتەر و بە پێچەوانەشەوە.

پێشتر ئەو چوار وڵاتە مۆڵەتی 10 ڕۆژیان دایە قەتەر بۆ جیبەجێكردنی ئەو 13 مەرجەی خستبوویانە بەردەمی، وەك داخستنی كەناڵی جەزیرەی ئاسمانی‌، سنورداركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا، هەروەها داخستنی بنكە سەربازییە توركییەكە، بەڵام قەتەر وتی كە ئەو مەرجانە یارای پراكتیزەكردن نین.

دوای ئەمە چوار دەوڵەتەكە، بە شێوەیەكی كۆتایی، و تا ڕازیبوونی قەتەر بەو 13 مەرجە، دۆسییەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەوحە داخست، كەچی قەتەر بە ڕاست و چەپدا كۆششی ئەوەی دەكرد لە ڕێگەی نێوانبەرەكانەوە دووبارە پرسی گفتوگۆكان زیندوو بكاتەوه،‌ بۆیە هەروەك چاودێرە كەنداوییەكان دەڵێن، دوور نییە ئەو بەیاننامە توندەی داعش بەشێك بێت لەو پلانەی قەتەر.

سەرباری ئەوەی قەتەر ئەوە ڕەتدەكاتەوە پشتیوانی ئەو گروپە توندڕەووانەی كردبێت، بەڵام ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوە خۆرئاوایی و عەرەبییەكان لەوەدا سەركەوتوو بوون كە ئەو پەیوەندییەی نێوان دەوحە و ئەو گروپە توندڕەوانە ئاشكرا بكات، ئەم‌ پەیوەندییە چ وەك دەوڵەت چ وەك كەسایەتی قەتەری پێی هەستاون و ڕەنگڕێژیان كردووە، وەك عەبدولرەحمان نعێمی كە لە ساڵی 2013 لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناوی تۆمار كراوە بەوەی پارەداركەری تیرۆرە و  لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپاوە، ناوبراو تۆمەتبارە بەوەی پشتیوانی دارایی بۆ داعش دەستەبەر دەكات و ماوەی زیاتر لە دە ساڵیشە‌‌ نامە و پەیامەكان لەنێو گروپە تیرۆرستەكانی سوریا و عێراق و سۆماڵ و یەمەن ئاڵوگۆڕ دەكات.

ئەمە جگە لەوەی دەوحە لە ساڵی 2013 وە پشتیوانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكانە لە جەنگی ناوخۆیی سوریا و یەمەن و لیبیا، پشتیوانی ئیخوانەكانی تونس و میسر- یش بوو بۆ گەیشتن بە كورسی دەسەڵات لە وڵاتەكانیان، ڕۆڵی نێوانبەریشی گێراوە لە ئازادكردنی چەندەها بەندكراوی لای بەرەی نوسڕە كە دواتر ناوەكەی گۆڕا بۆ دەستەی ڕزگاركردنی شام، ئەم ڕۆڵەی قەتەریش لە سەردەمی ئۆباماوە دەستیپێكرد كە ئیدارەی ئەمریكا بە ڕووی ئیسلامییەكاندا كرایەوە و پشتیوانیشیان بوون بگەنە كورسی دەسەڵات.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر