هەولێرو بەغدا لەواژووكردنی "ڕێككەوتنێكی مێژوویی" نزیكبوونەتەوە

کوردستان

31/05/2020‌ 4723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حكومەتەكەی مستەفا كازمی بەرەو چارەسەركردنی یەكێك لە ئاڵۆزترین پرسەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ هەنگاو دەنێت، كە ئەویش رێكخستنی پەیوەندی دارایی نێوان هەولێرو بەغدایە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان پەیام و پەیامكارییەكانی نێوان هەردوولا بەوە كۆتایی هاتووە، كە هەرێم بە پێشنیازی بەغدا بۆ  "یەكلایی كردنەوەی كۆتایی" پرسی دارایی هەرێم رازی بووە.

سەرەتای پەیامەكان بە نووسراوێكی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی دەستیپێكردووە، كە لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٠ رەوانەی هەرێمی كردووە و تێیدا وەزیر پێشنیازێكی پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە بەوەی بەغدا دواین گوژمە لەپارە بۆ مانگی نیسان رەوانەی هەرێم دەكات، كە بڕەكەی ٤٠٠ ملیار دینارە و ٥٠ ملیار دیناری لەو بڕە كەمترە، كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی رەوانەی هەرێمی دەكرد، بەو مەرجەی ڕێكەوتنێكی گشتگیر لەنێوان هەردوولادا بكرێت پێش ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكی تر بۆ مانگەكانی تر رەوانەی هەرێم بكرێت .

مەرجەكانیش ئەوە بوون:
بۆ مووەی مانگی نیسان وەزارەتی دارایی حكووەتی بەغدا ٤٠٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات .

 كۆبوونەوەی چروپڕ لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنی كۆتایی لەنێوان هەردوولا دەستپێبكات، كە ماوەكەی لە ٣٠ رۆژ زیاتر نەبێت.

دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم حیسابی داهاتە داراییەكانی هەرێم دەكەن و وردبینی تێدا دەكەن .

رەوانەكردنی پارەی مانگەكانی دواتر لەدوای گەیشتن بەو رێكەوتنە دەبێت، كە لەئەنجامی كۆبوونەوەكانی بڕگەی ٢ دا بەرهەم دێت .

لەبەرانبەردا دوای پێنج رۆژ حكومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر پێشنیازەكەی بەغدا دەربڕی، بۆیە وەزیری دارایی بەنووسراوی ژمارە ٨٠٩ رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم دەربڕی وەك دوای گوژمەی پێش رێكەوتنی هەردوولا .

بەگوێرەی زانیارییەكان هەرێم و بەغدا دۆسییەی نەوتی هەرێم بەیەكجارەكی دادەخەن و بەپێی میكانیزمێك هەموو نەوتی هەرێم دەخرێتە ژێر دەستی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).

بەڵام ئەو ڕێكەوتنەی بەغدا دەیەوێت هەر پەیوەست نییە بە بواری نەوتەوە، بەڵكو بەپێی پێشنیازەكەی عەلاوی بەغدا وردبینی لە داهاتە نانەوتییەكانی وەكو دەروزە سنوورییەكانیشدا دەكات.

ئەگەر بێت و هەردوولا لە تێپەڕاندی ڕێكەوتنەكە بەو ئاستە سەركەوتوو بن، ئەوە دۆسیەیەكی ئاڵۆز و گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا دادەخرێت، كە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم هەبوو، جگە لەو لێكەوتە كۆمەڵایەتیانەی نەرێنیانەی بەهۆی هەستكردنی دانیشتووانی بەشێك لە پاریزگاكانی عێراق بە ناداپەروەری درووستی كردبوو .



بەپەلە