هەوڵێك بۆ بەڵگەكردنی پاشەكەوتی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیپێكرد

کوردستان

31/05/2020‌ 1396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبەر ڕۆشنایی كەوتنە ڕووی مافە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان، كە پاشەكەوتكراوە یان ئەو موچانەی وەرنەگیراون هەوڵێك دەستیپێكردووە، بۆ ئەوەی ئەو شایستە داراییانە بكرێتە بەڵگەیی یاسایی‌و وەك قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكرێت.

لەو چوارچێوەیە ئەمڕۆ یەك شەممە لەكۆلیژێكی زانكۆی سلێمانی هەنگاوێك لە لایەن ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەرەوە بەمەبەستی بە بەڵگەكردنی ئەو مافانە دەستیپێكردووە.

پێشتر پارێزەرێك لەشاری سلێمانی لەبارەی موچەی پاشەكەوتكراو پەیامێكی ئاراستەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران كردبوو، كە داوای كردبوو لەو بارەوە رێكاری یاسایی بگرنە بەر.

پەیامەكەی پارێزەركەی سلێمانی، كە ناوی سمكۆ ئەسعەدە لەژێر ناوی "بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرجەم خاوەن موچەەكان سەبارەت بە بەڵگەكردنی قەرزەكانیان" بڵاوكرابووەوە.

لەپەیامەكە هاتبوو: تا زووە داواكاری بنووسن بۆ بە بەڵگەكردنی قەرزەكانتان لە ڕێگای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانتان و بە نووسراو بەرزی بكەنەوە بۆ وەزارەت.

هەر لەپەیامەكەی پارێزەر سمكۆ ئەسعەد هاتبوو: یەكەم هەنگاو بە نووسینی داواكارییەكی ئاسایی دەست پێدەكات تا مافاكانتان بكەن بە بەڵگە، ئەمە گرنگترین هەنگاوی پاراستنی مافەكانتانە.. چیتر ئەم هەنگاوە دوا مەخەن تا لە ڕووی یاساییەوە نەفەوتێت.

حكومەتی هەرێم لەساڵانی رابردوو، بەبیانووی قەیرانی دارایی بۆ چەندین مانگ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پاشەكەوت كرد، كە بڕی پاشەكەوتەكە گەیشتە نزیكەی 11 ملیار دۆلارو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش لەم چەند رۆژەدا دانی بەوەدا نا، كە ئەو بڕە پارە وەك ئیلتیزامات لەسەر حكومەت ماڵەو دەبێت بیداتەوە.