هەرێمی كوردستانی مایەپوچ چیتر "عێراقەكەی دیكە" نییە

ڕاپۆرت

01/06/2020‌ 3125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان مایەپوچ بووە، ئەمە ناونیشانی وتارێكی "جۆدیت نۆرنك" ە، كە نووسەر دەڵێت: ئەوەی پێشتر بە "عێراقێكی دیكە" ناودەبرا، بووەتە جێگەی ناوئومێدی و لە ڕووی سیاسی و داراییەوە مایەپوچ بووە.

نووسەر دەشڵێت: ئەو گەشتیارانەی دەهاتنە هەرێمی كورستانی عێراق، پێیان دەوترا: "بەخێر بێن بۆ عێراقەكەی دیكە"‌، مەبەست ئەو سێ پارێزگایە بوو، كە كوردەكان لە ساڵی 1992 وە فەرمانڕەوایی دەكەن، ئەو هەرێمە هەر تەنیا هەرێمكی بە پیت و سەوز و شاخاوی سارد نەبوو، بەڵكو دیموكراسیتر و لیبڕاڵیتر بوو لە عێراق، بگرە هێمن و ئارام و سەقامگیرتریش بوو.

ئەوەش دەڵێت: پەرەپێدانی دیموكراسی ئەو ئامانجە بوو، كە لە ساڵی 2008 منی گەیاندە پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان "سلێمانی"، پێشتریش چەندەها ساڵ سەردانی عێراقم كرد بوو بۆ ڕاهێنانی میدیاكاران، هاتم بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی میدیایی بۆ پەرەپێدانی ڕۆڵی میدیاو بەرزكردنەوەی ئاستی توانای سیاسییەكان و پۆلیس لەو دیموكراسییە تازەیەدا.

لێرە و لە هەرێمی كوردستان، ئازادی هزری دەستیپێكرد كە هەموو ناوچەكە دژایەتییان دەكرد، لە كۆتاییشدا بووە ئەمری واقع. میدیا سەربەخۆكان سەریانهەڵدا، چەندەها گفتوگۆمان ڕێكخست، خەڵكی بە ئاشكرا بوێرانە قسەیان دەكرد. دۆخی سلێمانی تەواو لە ناوچەكانی دیكەی عێراق جیاواز بوو و بەرەبەرەش بەرەو پێشەوە هەنگاوی دەنا.

دوای 12 ساڵ لەو بەروارە، پێدەچێت ئەو بەڵێنانەی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە دانی، لە پشت چیاكانەوە ئاوا بووبن. لە دوای وادەیەكی كورتی سەقامگیری هەرێم، یەكێك لە قوتابییەكانم كوژرا، چونكە داوێنپیسی سیاسییەكانی ئاشكرا كرد بوو. لەو ساشەوە خەڵكێكی دیكەی زۆر كوژراون. بە زۆریش بۆ داپۆشینی ڕاستییە ئازاربەخشەكان، لۆمەی لاگیری هۆزگەرایی و حزبایەتی بەرتەسك دەكرێت.

لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان، یاسایەكی ڕۆژنامەوانی هەیە، كەچی زۆرینەی دادگاكان بە یاسا كۆنەكان دادگایی ڕۆژنامەنووسان دەكەن، ئەمەش ڕێگەی پێداون لەسەر زانیاریدان لە بابەتە قەدەغەكراوەكانی وەك قۆڵبڕین و خۆدەوڵەمەندكردن و خراپ ‌بەكارهێنانی دەسەڵات، سزا بەسەر میدیاكارندا بسەپێنن.

من بە چاوی خۆم بینم كە ستۆدیۆی تەلەفزیۆنەكان دەسوتێندرێن، لە میدیاكاران دەدرێت و تەنگیان پێهەڵدەچنرێت و دەستگیردەكرێن.
 
لە ئێستادا ڕۆژنامە سەربەخۆكان لە شەقامەكاندا نەماون، بۆیە ئەو ڕۆژنامانە لەسەر ئەنتەرنێت بەردەوامی بە كارەكانی خۆیان دەدەن.
 
ئەو ئازادییانەی كوردەكان كردبوویاننە كاری لە پێشینەی خۆیان، كەوتە دەست سیاسییەكان و ئەوانیش مانەوەی خۆیان كردۆتە كاری‌ لە پێشینەی خۆیان.

سیاسییەكانی هەردوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان (یەكیەتی و پارتی) چەندەها ساڵە لە ناكۆكیدان، تەنانەت پێش ساڵی نەوەدەكانیش لە شەڕی براكوژیدا بوون. بەڵام بەو حاڵەشەوە بەیەكەوە فەرمانڕەوابوون، دەسەڵات و دەستكەوتەكانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردووە: وەك داهاتی سنورەكان، بە تایبەتیش كاتێك هەرێمی كوردستان گرێبەستە تایبەتەكانی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوتدا واژۆ كرد، ئیدی دەستكەوتی بیرە نەوتەكانیشیان لە نێوان خۆیاندا تەخشان و پەخشان كرد

لە هەمان ئانوساتدا، لاسایی ڕژێمی عێراقی پێشوویان كردەووە، دەسەڵاتیان بەكارهێنا بۆ كڕینی وێژدان و دەنگی دەنگدەرانیان. ئەوانەی‌ لایەنگری خۆیان بوون و دەنگیان بۆ دەدان، بەشداری دەستكەوتەكان بوون، لە بەرامبەردا كار و ئۆتۆمبێل و باڵەخانە و موچەیان پێ دەدان.

ئەوان دەسەڵاتیان قۆرغ كرد و خەڵكێكی زۆریشیان دووخستەوە. داواكاری بۆ گۆرانكارییەكانیش لە ساڵی 2011 وە سەریانهەڵدا، بەڵام داواكارییەكان بێ وڵام مانەوە، چونكە دەسەڵات بۆ ئەوان مانگایەكی شیردەر بوو.

ئەو سیتەمە حزبییە بەرتەسكەی‌ ئەوان، لە ساڵی 2014 تووشی ڕەخنەگرتنی زۆرهات، بە تایبەتیش كاتیك نوری مالكی سەرۆك وەزیری عێراقی پێشووتر، بڕیاریدا كوردەكان سزا بدات، چونكە نەوتیان ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی نەدەكرد، هەروەك لە دەستوری عێراقدا هاتووە، بۆیە موچە و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ژمارەی زۆری موچەخۆرانی هەرێمیش جێگەی لۆمە و گلەیی و گازندەیەكی گەورە بوو كە لە ملیۆنێك موچەخۆر تێپەڕی كردبوو، لە كاتێكدا دانیشتوانی خودی هەرێمەكە 7 ملیۆن كەسە.

ئانوساتی بڕینی موچە و بەشە بودجەكە بۆ كوردەكان زۆر خراپ بوو، ئەوان لەو كاتەدا پێویستیان بە پارە بوو بۆ پارەداركردنی جەنگیان دژ بە داعش و حەواننەوەی ملیونەها ئاوارە كە هاتبوونە ناوچەكانیانەوە. داهاتی نەوتەكەشیان كەمتر بوو لەو بەشە بودجەی عێراق بۆی دەناردن، ئیدی لێرەوە هەرێمی كوردستان ووردە ووردە بەرەو مایەپوچی چوو.

كاتێكیش له ساڵی 2015 ملیارە قەرزەكانی توركیا نەمان، یارمەتییە داراییەكانی بزنسمانە كوردەكان ئەوەندە نەبوون، پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ڕاوەستا، ئەمە نزیكەی دوو ساڵی خایاند، تاوەكو بە هۆی یامەتییەكانی بەغداوە موچە دەستیپێكردەوە، بەڵام بڕە ‌پارەیەكی زۆریان لە موچەخۆران بڕی.

لەو‌ ماوەیەدا هەرێم، بە درێژایی ساڵانێكی زۆر، پارەی زۆر و زەوەندیان دەست دەكەت، دۆخەكە هەرچۆنێك بێت بەڕێوە دەچوو. گفتوگۆی بەشەبودجەی عێراقیش لە بەرامبەر ڕادەستكردنی نەوتی كوردستان بە سۆمۆ، هەر لەسەر مێزی گفتوگۆ بوو، بۆیە جارێكی دیكەش موچەی موچەخۆران كەمكرایەوە. 

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیری تازەی هەرێمی كوردستان، كاتێك هاتەسەركار و جێگەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای گرتەوە، سەرباری بەڵێدان بە ئەنجامدانی چاكسازی لە حوكمڕانیدا، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە سەرجەم قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا گەشتۆتە 27 ملیار دۆلار. ئیدی چی دیكە كوردەكان لە توانایاندا نییە قەرزە دەرەكییەكانیان بدەنەوە، بۆیە مایەپوچ بوون، ئەم مایەپوچییەش هەڵوێستی دانوستانكارییان لە بەرامبەر بەغدادا لاواز دەكات. 

مەسرور بازانی ئۆباڵی ئەو دۆخە كارەساتبارە‌ی خستە ئەستۆی ئامۆزاكەی، بەڵام خۆی هیچ چارەسەرێكی بۆ دۆخە كارەساتبارەكەی‌ هەرێم پێ نەبوو. كەچی هێشتاش حزبەكەی بارزانی لە هەموو كاتیكی دیكە بەهێزترە، ئەو حزبە بە هۆی كورسی كۆتاكانەوە، زۆرینەی پەرلەمانی هەیە. لە هەمان كاتیشدا، دووبارە ناڕەزاییه جەماوەرییە‌‌كان سەریانهەڵداوەتەوە، ئیدی چی دیكە خەڵكی بەرگەی ئەو دۆخە ناگرن.

هەمیشە ناڕەزاییەكان لە سنوری زۆنی سەوزدا كە یەكیەتی نیشتمانی كوردستان بەسەریدا زاڵ، لە ئاستێكی بەرزدا بوون، بەڵام ئەمجارە مامۆستایانی ژێر دەسەڵاتی زۆنی زەردی پارتیش هاتنە سەر شەقام، ئەوان لە ترسی دەسەڵاتی زۆرنی زەرد، نەیاندەوێرا توڕەیی خۆیان بە باشی دەرخەن، چونكە پێشتر لە ساڵی 2018 ناڕەزاییەكان زۆر بە توندی و بە زەبری هێز سەركوتكرابوون.

بۆیە ئەم ترسە كاری مامۆستایانی ناڕازی دهۆكی قورستر كرد، ئەو شارەی بەوە ناسراوە لاگیرییان بۆ بنەماڵەی بارزانییە. دیارە تەنانەت لە نێو لایەنگرانی پارتیشدا، جامەكە پڕ بووە و لەسەرییەوە ڕژاوە. دەسەڵاتدارانی پارتی هەڕەشەیان لە مامۆستایانی دهۆك كرد و زۆریشیان لێ دەستگیر كردن. هەندێك لەو میدیاكارانەی باسیان لە خۆپێشاندانەكەی دهۆكیش كرد، تا ئێستشا هەر لە بەندیخانەدا ماونەوە و ئازاد نەكراون.

لێرەدا، خۆپێشاندانەكانی ساڵی 2008 م بیركەوتەوە كە خەڵكی سلێمانی بە شانازییەوە گوزارەییان لەوە دەكرد كە دەتوانن ناڕەزایی خۆیان دەربڕن. لەو ساوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێكی زۆر بەسەر كوردەكاندا، ئەوان فێری چەندەها وانەی سەخت و دژواربوون، داوكارییەكانیان بۆ گۆرانكاری هیچی لێ سەوز نەبوو، هەمووشیان لەوە دڵنیان كە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، چیان پێ بكرێت دەیكەن بۆ بەرگرتن له خۆپێشاندانەكان و دەستیان لێ ناپارێزن.

هەرێم بۆ ماوەیەك بە هۆی خۆشگوزەرانییەوە مەست ببوون، هەرچەندە سودمەندانی دۆخەكە هەموویان وەك یەك یەكسان نەبوون، كەچی سەرباری ئەوەش،‌ هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا بگەیەننە هەموو هاوڵاتییەكانیان، بۆیە چی دیكە لە توانای خەڵكدا نەماوە بەرگەی گەندەڵی بەردەوام بگرن و ناڕەزاییان دژ بە چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكان لە لایەن حكومەتەكەیان كپ بكەن.

لە هەمان ئانوساتدا، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی وا پێدەچێت یارای چارەسەر نەبن، دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها بە یەك ڕێگە وڵامی داواكارییەكانی خەڵك دەدەنەوە: ئەوش سەركوتكردنی گەل و پەرتكردنیان و چاندنی ناكۆكییە لە نێوانیاندا. لە ئێستا كەلێنی نێوان یەكیەتی و پارتی لە هەموو ئانوساتێكی پێشوو گەورەتر و فراوانترە، مەترسی ئەوەش‌ هەیە هەرێمەكە ببێتە دوو بەش.

هاوڕێ و دۆست و هاوپەیمانە كوردەكانمان، خەون و ئاواتەكانیان تێكوپێكشكاون، ئەوان ئێستا گەلێكی مایەپوچن لە ڕووی سیاسی و داراییەوە. ئێمەش‌ هەست بەوە دەكەین فریودراوین، چونكە بە هۆی گەندەڵی سیاسییە كوردەكانەوە بێ ئومید و بێ هێوا بووین، ئەو سیاسییانەی گۆڕانكاری ڕیشەیی ڕەتدەكەنەوە. بۆیە لە ئێستادا چی دیكە هەرێمی كوردستان "عێراقەكەی دیكە" نییە و چ جیاوازییەكیشی لەگەڵ عێراقدا نییە.

سەرچاوە: THE NEW ARAB
نووسەر:  Judit Neurink
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر