كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هۆشەكی خەڵك هەبووە

تەندروستی

02/06/2020‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو لێكۆڵینەوەی نوێی كەنەدی و ئوسترالی ئاشكرایان كردووە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی نیگەرانكەر كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی هۆشەكی خەڵك دادەنێت .

لەیەكێك لە لێكۆڵینەوەكاندا، كە لەماوەی هەفتەی كۆتایی مانگی نیساندا لەلایەن دەستەی توێژینەوەی تەندرووستییە هۆشەكییەكانی كەنەدا وتەی لە ١٨٠٣ كەس وەرگرتووە ، ئەوەی ئاشكرا كردووە، حاڵەتەكانی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی لەكەنەدا لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر زیادیكردووە.

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە پیشانی دەدات، كە دۆخەكە بەشێوەیەكە لەسەدا بیستی بەشداربووان وتوویانە دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی كاریگەری نەرێنی لەسەر داناون، هەروەك سێیەكی بەشداربووان وتوویانە بەهۆی ڕیكارەكانی قەدەغە و كەرەنتینەكردنەوە لەجاران زیاتر پەنایان بردووەتە بەر خواردنەوەی ماددە كحوولییەكان.

بەشداربووانی لێكۆڵینەوەكە نیگەرانیان بەرانبەر بە دۆخی داراییان لەژێر سایەی لێكەوتە داراییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربڕیوە، بەشێوەیەك ترسیان لە لەدەستانی كاری خۆیان یان بێكاربوونی كەسوكاریان هەبووە.

نزیكەی نیوەی بەشداربووان جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و مانەوەی دوورودرێژیان لەماڵەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هۆشەكیان بەجێهێشتووە.

هەروەك لێكۆڵینەوەیەكی ئوسترالی، كە لە زانكۆی نیشتمانی ئوسترالی دەرچووە ئاشكرایكردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارە توندەكانی قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینەكردن گرفتە دەروونییەكانی لەناو چینی گەنجادا بەرزكردووەتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی