پیاوێكی ئاینی میسری لەبارەی پەردەی كچێنییەوە هەڵڵایەكی گەورەی ناوەتەوە

هەمەڕەنگ

07/06/2020‌ 4207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خالید جوندی بانگخوازی دیاری وڵاتی میسر بەباسكردنی لەبارەی پەردەی كچێنی ئافرەتانەوە هەڵڵایەكی گەورەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانەوە دا درووست كردووە.

جوندی، كە لە تەلەفزیۆنی DMC ی میسری  بەرنامەی "بۆئەوەی تێبگەن " پێشكەش دەكات وتی: شتێك نییە بەناوی پەردەی كچێنییەوە، بەرای ئەو مەبەست لە پەردەی كچێنی لە ئیسلامدا ئەوەیە، كە كچەكە پێشتر شووی نەكردبێت .

جوندی، كە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری ئیسلامییە لە میسر دەڵێت: ئەوەی لەبارەی كردنەوەی پەردەی كچێنی لەیەكەم شەوی هاوسەرگیریدا باس دەكرێت بابەتێكی فۆلكلۆرییە و لەنەزانییەوە هاتووە و ئەگەر پاكداوێنی پەردە بێت ئەوە كەواتە بۆ شەرەفمەندێتی نیشانە هەیە، ئەدی چۆن خوای گەورە عەیبەی خەڵك دادەپۆشێت، كە بۆ شەرەفمەندێتی نیشانەی دانابێت.

ئەو دەشڵێت: بە پشتبەستن بە قسەی پزیشكان شەش جۆر پەردە هەیە، دوو جۆریان هەر ناكرێنەوە، بۆیە بوونیان بەڵگە نییە لەسەر پاكداوێنی یان نەوبونیان مانای داوێن پیسی ناگەیەنێت .

خالید جوندی پرسیاری ئەوەی كردووە، كە ئایا شەرع هیچ حوكمێكی بۆ پەردەی كچێنی داناوە؟ خۆشی وەڵامی داوەتەوە، كە شتی وا نییە، خوا رێگری كردووە مرۆڤ بڕیار لەسەر مرۆڤی تر بدات، چۆن دەبێت لەسەر بوون و نەبوونی پەردەی كچینی حوكم لەسەر پاكداوێنی و داوێن پیسی خەڵك بدرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی