پارێزگاى سلێمانى: ئەگەر خۆپارێزى نەکرێت قەدەغەى هاتووچۆى تەواوى رادەگەیەنین

کوردستان

11/06/2020‌ 826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، هاووڵاتیانی خۆشەویست داوا لە هەموولایەكتان دەكەین پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و خۆپارێزییەكان بن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بكەین.

ئاماژە بەوەشکراوە، كە بەدڵنیایی هەڕەشەو مەترسیی گەورە لەسەر بژێویی‌و ئابووریی‌و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان‌و دەوڵەتیش دروست دەكات.

لیژنەى ئۆپەراسیۆنى سلێمانى جەختیکردوەتەوە، هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە جگە لەو حاڵەتە مرۆیی‌و دبلۆماسیی‌و بازرگانییانە نەبێت كە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ دیاریكردوون، هەر سەرپێچی‌و بەكەمگرتنێك بەڕێوەبەرو بەرپرسی دەروازە نێودەوڵەتی‌و مەرزو بازگەكان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكاتەوە.

هەروەها هۆشداریشى داوە کە هەر هەوڵێك بۆ هێنانی خەڵك بەقاچاخ، یان بەقاچاخ گەڕانەوە، بەتاوانی زیانگەیاندن بە سیستمی گشتی‌و ئاسایشی تەندروستیی‌و تەندروستیی گشتیی ئەژمار دەكرێت‌و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

س.هـ

بەپەلە