هۆشداری لەزیادبوونی ژمارەی تووشبوون‌و مردن بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم دەدرێت

کوردستان

13/06/2020‌ 702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە چوار تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەكە راشیگەیاند، كە تووشبووان دوو پیاوی تەمەن ٧١ و ٥٧ ساڵ و دوو ئافرەت تەمەن ٧٥ و ٦٨ ساڵ، كە سێ لەوان لە شاری سلێمانی و یەك لە قەزای چەمچەماڵ بوون، كە گیانیان لەدەست داوە".

بەو پێیە ژمارەی حاڵەتەكانی مردن لە هەرێمی بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ ٤٢ كەس بەرزبووەتەوە و رێژەی تووشبووانیش دوو هەزار و هەشت كەسە.

چەند رۆژێكە شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم سەریهەڵداوەو قوربانییەكەی زۆری لێكەوتووەتەوە و زیاترین كاریگەری لەپارێزگای سلێمانی هەبووە، كە تا ئێستا هەزار و ٢٦٤ حاڵەتی تێدا تۆمار كراوە، كە ٣٨ كەسیان گیانیان لەدەستداوە، كە لەو بارەوە هۆشداری دەدرێت.

هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لەو بارەوە دەڵێـت: ئێستا ڕێژەی مردن بە پێی توێژینەوە جیهانییەكان مەترسیدار نییە، بەڵام ئەگەر ژمارەی تووشبوون بەو ئاستەی ئێستا لە زیادبووندا بێت دەبین بە ئیتالیا و ئێران.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە دوو هەزار و پێنج تووشبوو، لەنێویاندا 42 گیانلەدەستدان هەبووە و ٦٠٠ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشكیی چاكبوونەتەوە و لە ئێستادا هەزار و ٣٦٧ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكییدان.

هـ ـ ح