هێڵە سوورەكانی میسر لەلیبیا.. گرنگی بەرەی "سرت –جفرە" لەچیدایە؟

لە میدیاکانەوە

23/06/2020‌ 957 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولفەتتاح سیسی لەكاتی بەسەركردنەوەی بەرەی رۆژئاوای سوپای میسر و لەسەر سنووری لیبیا لەلێدوانیكدا رایگەیاند، بەرەی "سرت –جفرە" بەلای ئەوانەوە هیڵی سوورن و رێگە نادەن هێزەكانی سەر بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لایەنگری ئەنقەرە دەستیان بگاتێت، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە گرنگی ستراتیژی ئەو ناوچەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی میسر و یەكلاییكردنەوەی شەر و ململانێكانی لیبیا لەچیدایە.

شاری سرت نزیكەی دووهەزار كیلۆمەتر لەسنووری میسرەوە دوورە، هەردوو شاری تەرابلووسی پایتەخت و شاری بەنغازی دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتە دەكات بەدوو بەشەوە، كە ٤٥٠ كیلۆمەتر لەتەڕابلووس و ٦٠٠ كیلۆمەتر لە بەنغازییەوە دوورە.

دەستگرتن بەسەر ئەو شارەدا ڕێگە بۆ كۆنترۆڵكردنی بەندەرە نەوتییەكانی ناوچەی هیلالی نەوتی لە رۆژهەڵاتی لیبیا خۆش دەكات، كە گەورەترین عەمباری نەوتی وڵاتەكەی تێدایە.

ئەو ناوچەیە چەندین بنكەی سەربازیی گرنگی لێیە وەك بنكەی ئاسمانی قەرزابییە، كە ١٦ كیلۆمەتر لە باشووری سرتەوە دوورە، هەروەك كەمێك دوورتر لەوێ بنكەی ئاسمانی جفرەی لێیە، كە لە گەورەترین بنكەی سەربازیی لیبیایە.

هەروەك سرت بەژووری ئۆپەراسیۆنە سەرەكییەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا و خاڵی بەیەكگەیشتنی ناوچەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیا دادەنرێت، فرۆكەخانە و بەندەری شارەكە لەگرنگترین دەروازە سەرەكییەكانی لیبیا هەژمار دەكرێن.

بنكەی ئاسمانی جفرە دەكەوێتە باكووری شارەكە بەگەورەترین بنكەی ئاسمانی لیبیا دادەنرێت، كە بەوە جیادەكرێتەوە ژێرخانێكی بەهێزی هەیە و بەجۆرێك نوێكراوەتەوە، كە جێگای هەموو جۆرە چەكێك ببێتەوە.

جگە لەوەی بنكەكە، ژووری ئۆپەراسیۆنە سەرەكییەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا بەسەرۆكایەتی مووشیر خەلیفە حەفتەری لێیە.

بەڵام ناوچەی جفرە یەكێكی ترە لە ناوچە ستراتیژییەكان بەهۆی ئەوەی كەوتووەتە ناوەراستی وڵات و ٦٠٠ كیلۆمەتریش لەباشووری رۆژهەڵاتی تەڕابلووسەوە دوورە.

ناوچەكە بەرەی بەیەكبەستنی رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا و باشووری لیبیایە، بۆیە دەستگرتن بەسەر بنكەی جفرە واتای دەستگرتن بەسەر نیوەی لیبیا بەتەواوەتی دەگەیەنێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی