بەغدا سەبارەت بەپارتی كرێكاران ئۆفەرێك دەخاتە بەردەم توركیا

کوردستان

24/06/2020‌ 5158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرایكرد، كە حكومەتی عێراق سەبارەت بەپارتی كرێكارانی كوردستان ئۆفەرێكی خستووەتە بەردەم توركیا، هەروەك باسی لەوەش كردووە، كە سەبارەت بەم پرسە لەم رۆژانەدا شاندێكی باڵای توركیا سەردانی عێراق دەكات.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، كە رۆژی پێنجشەممەی لەكاتی بانگهێشتكردنی فاتیح یڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، حكومەتی عێراق پێشنیازی ئەوەی كردووە، كە گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە لەسەر هەموو ئەو دۆسیانە لەنێوان عێراق و توركیادا بكرێت، كە ماوەی چەندین ساڵە بەهەڵواسراوی لەنێوان هەردوولادا ماونەتەوە، كە لە دیارترینیان بابەتی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناوخاكی عێراق و بوونی سەربازیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و دۆسیەی ئاوی دیجلە و فورات و سنوورە هاوبەشەكان و دەروازە سنوورییەكان، ئەوە جگە لە بابەتە بازرگانییەكانی تر.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە لایەنی توركی بەرانبەر بەدەستپێكردنی دانوستانی هەمەلایەنە لەسەر دۆسییە هەڵواسراوەكان هیچ نارەزایەتییەكی پیشان نەداوە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا سووربوونی خۆی پیشانداوە لەسەر بەردەوامبوون لەوەشاندنی گورزی دەستپێشخەرانە لەدژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان .

باسی لەوەش كردووە، كە باڵیۆزی توركیا چەند بەڵگەنامەیەكی خستووەتە بەردەم لایەنی عێراقی، كە پیشانیداوە چۆن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی عێراقەوە پلانی هێرشكردنە سەر توركیایان داناوە و جێبەجێیان كردووە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە، كە پێشبینی دەكرێت شاندێكی باڵای توركیا لەم رۆژانەی داهاتوودا سەردانی بەغدا بكات و لەبارەی پرسە ئەمنییەكان و بوونی سەربازی توركیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەمدواییەی سوپای توركیا و بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكانی عێراق گفتوگۆ بكەن.

وەرگێڕان: كارێز قادر 


بەپەلە