زانیاری لەسەر گفتوگۆكانی شاندی هەولێرو بەغدا

کوردستان

24/06/2020‌ 3235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ھەردوو شاندی حكومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان لەدانوستانەكان بەردەوامن، كە هەولێر وەەرقەیەكی شەفافی بۆ دانوستان ئامادە كردووەو هەردوولاش ئامادەن بۆ گەیشتنە رێككەوتن.

لەو بارەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت: دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن و ھەردوو شاندی حكومەتی ھەرێم و بەغدا لە گفتوگۆدان، چونكە ھەردوو حكومەت لە قەیرانی داراییدان، بۆیە پێویستە لەلایەن ھەردوولا سازش ھەبێت بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، چونكە قەیرانێكی قووڵی درایی لە عێراق ھەیە.

سەفار بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند، ھەردوو حكومەت بۆ رێككەوتن جیددین و ئیرادەی بەھێز ھەیە، شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەموو زانیارییەكانی لەگەڵ خۆی بردووە و وەرەقەیەكی شەفاف و رێكوپێكیان ئامادە كردووە بۆ دانوستان، بۆیە ئومێدی زۆر ھەیە بگەنە رێككەوتن.

باسی لەوەش كردووە، كە گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر چەندین تەوەر دەكرێت، وەك بودجە و نەوت و خاڵە سنوورییەكان و پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠، بۆیە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن تا رێكدەكەون.

لەبارەی وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ئەحمەد سەفار وتی: ئێمە وەك لیژنەی دارایی پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە، كە حكومەتی عێراق بە ھۆی قەیرانی دارایی قەرز بكات، كە ٥ ملیار دۆلاری دەرەكی و ١٥ ترلیۆن دیناری ناوخۆییە و رەنگە گۆڕانكارییش بەسەر قەرزەكاندا بێت، چونكە لەناو ھۆڵی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت و حكومەتیش داوای كردووە بۆ ئەم چەند مانگە یاسای بودجە نەبێت و بە قەرز بەڕێوە بچێت و ئەو بڕەی دانراوە زیاد بكرێت، بۆیە دیار نییە چۆن دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت.

هەروەها وتی: ئەمڕۆ سەعات یەك پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات لەبارەی وەرگرتنی قەرز و كوردیش بەشداری دەكات و پشكی ھەرێمیش بەپێی رێككەوتن لەو قەرزە دیاری دەكرێت.

هـ ـ ح
 

بەپەلە