پلازمای پیاوان لەهی ژنان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی كۆرۆنا كاریگەرترە

تەندروستی

27/06/2020‌ 223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی بەریتانی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، كە پلازمای ئەو پیاوانەی نەخۆشی كۆرۆنایان پەڕاندووە لە پلازمای ئەو ئافرەتانەی لەهەمان نەخۆشی چاكبوونەتەوە كاریگەرترە، ئەویش بەهۆی ئەوەیە كە جەستەی پیاوان بڕێكی زۆرتر لە دژە تەنیانیان تێدایە.

بەپێی پێگەی "بی بی سی" بەریتانی، لێكۆڵینەوەكە لەسەر پلازمای كەسانی خۆبەخش كراوە، دەركەوتووە كە ٤٣٪ی پلازمای پیاوان بڕێكی زۆر لە دژە تەنەیان تێدایە، لەكاتێكدا تەنیا ٢٩٪ی پلازمای ئافرەتان ئاستێكی بەرزی دژە تەنیان تێدایە، ئەوەش مانای ئەوەیە پلازمای پیاوان، كە لەنەخۆشی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە بۆچارەسەركردنی تووشبووانی كۆڕۆنا كاریگەرترە.

هەروەك چۆن لێكۆڵینەوەكە تێبینی كردووە، كە لە جەستەی كەسانی بەساڵاچوو و ئەو نەخۆشانەی رەچەڵەكی ئاسیاییان هەیە بڕێكی زۆر لەدژە تەن لە جەستەیاندا هەیە.

دیڤید رۆبەرتس، كە یەكێكە لە سەرپەرشتیارانی پرۆسەی بەخشینی پلازما و خوێن لە دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی بەریتانیا دەڵێت: ئەوان پێویستیان بە ژمارەیەكی زیاتر لە خەڵكە تا پلازمای خۆیان ببەخشن بەتایبەت پیاوان، تا لەپێناو بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگریان نەخۆشەكانیان پێ بكوتین.

لەماوەی رابردوودا چەندین لێكۆڵینەوە ئەوەی سەلماندبوو، كە ڕێژەی تووشبوونی پیاوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئافرەتان زۆرترە، كە ئەمەش وادەكات بەراورد بە ئافرەتان بەڕێژەیەكی بەرزتر دژە تەن لە جەستەیاندا بەرهەم بێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی